بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە: دۆخی ئاوارەکانی فەلەستین، کارەساتبارە
مونیر بورش، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند: هەشتا ملیۆن تۆن دارووپەردوو لە غەززە هەیە کە کاری هێنانەدەر و تۆماری ناوی کەسانی بێ سەروشوێن و ونبوو، دژوار دەکا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانگەوازی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی رژیمی زایۆنیستی بۆ کوشت و بڕی فەلەستینیانی شەرمەزار کرد.
مونیر بورش بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی غەززە وتی: ئەو شەڕە تائێستا نزیک بە ٧٣هەزار شەهید کە نزیک بە ٢١ هەزاریان منداڵن و١٧٤هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستیی غەززە پێی داگرت؛ نەبوونی پلاندانانێکی ڕێک و پێک و ئامانجمەند بۆ کۆکردنەوەی قەبارەی زۆری کەڵەکەبووی دارووپەردوو لە کەرتی غەززە رەنگە پێش بگرێ بە دۆزرانەوەی کەسانی ونبوو و بێ سەروشوێن. ناوبراو وتیشی: ئێمە دەمانەوێ کەرەستە و ئامێری قورس بۆ لابردنی دارووپەردووەکان بێتەنێو کەرتی غەززە هەتا بتوانین تەرمی شەهیدان لەژێر دارووپەردووەکان بێنینەدەر.
مونیر بورش هەروەها وتی: بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە پەتایەک لە کەرتی غەززە تەشەنە دەکات و تا ئێستا ٥٨ هەزار کەس تووشی نەخۆشیی ئاوڵە بوون.
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێدوانی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی رژیمی زایۆنیستی و داواکەی بۆ کوشتنی رۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ فەلەستینی شەرمەزار کرد.
ستێفان دوجاریک پێی داگرت: ئەو لێدوانە سامناک و سووکێتی پێکەرانەیەو فەلەستینیەکانی لەمافی مرۆییان بێ بەش کردووە. ئەو قسانە، مەترسیدارەو ئێمە لێبڕاوانە ئیدانەی دەکەین.
دوجاریک هەروەها ئاماژەی کردە هێرشی هێزەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر شارۆچکەی زاهرییە لە پارێزگای ئەلخەلیل و ڕەچاوکرانی یاسای قەدەغەی هاتووچۆ و جێگیرکرانی نیشانەپێک لەسەربانی باڵەخانەکان و داخستنی ڕێگاکان.
لەکۆتاییشدا دوجاریک وتی: ئەو بەربەستانە، ڕێگر بوونە لەبەردەم دەسڕاگەیشتنی دانیشتووان بە یارمەتییەکان و ناردنی ڕاژەکارییە بنەڕەتییەکان و شوێنی کارکردنیان. بەپێی ڕاپۆرە بڵاوکراوەکان، نزیک بە حەوت خانووبەرەی فەلەستینیەکان کراون بە بنکەی لێپرسینەوەو خێزانەکان لە ژوورگەلی جیاجیادا زیندانی کراون و ژومارێکیش قۆڵبەست کراون.