سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان لە ئیتالیا،بەهێزبوونی بەرەی ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا
دوای چەند مانگێک لە قەیرانی سیاسی، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە ئیتالیا ئەنجامدرا و بە پشتبەستن بەو ئەنجامانەی بەدەست هاتوون؛ هاوپەیمانی ڕاستڕەو لە ئیتالیا بە سەرۆکایەتی پارتی "براکانی ئیتالیا" و "جۆرجیا مێلۆنی" خەریکە زۆرینەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بەدەست دەهێنێت.
بە سەرکەوتنی کۆتایی ئەم هاوپەیمانێتییە، ڕاستڕەوترین حکومەت لە ئیتالیا لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە پێکدەهێنرێت.
بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکان، هاوپەیمانی پارتە ڕاستڕەوەکان لە کۆی ٤٠٠ کورسی ئەنجومەنی خوارەوە لە نێوان ٢٢٧ بۆ ٢٥٧ کورسی و لە کۆی ٢٠٠ کورسی ئەنجومەنی پیران ١١١ بۆ ١٣١ کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها خاتوو مێلۆنی کە سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانە گەورەترین پارتی هاوپەیمانی لە ئیتاڵیا، ڕەنگە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن بێت.
ناوبراو بەڵێنی داوە کە پشتیوانی لە سیاسەتی ڕۆژاوا بەرامبەر ئۆکرانیا بکات و ئەو وڵاتە کە سێیەم گەورەترین ئابووری ناوچەی یۆرۆیە لە مەترسیی ناپێویست دوور بخاتەوە.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، ئیتالیا رووبەڕووی زیادبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان بووەتەوە بەهۆی چڕبوونەوەی کێشە ئابوورییەکان، بەجۆرێک ماریۆ دراگی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتالیا دوای لەدەستدانی پشتیوانیی سێ لایەنی هاوبەشی هاوپەیمانی لەژێر سەرکردایەتی ئەو، دەستی لەکار کێشایەوە ، و ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختەی نیشتمانی لە ئیتاڵیا ئەنجامدراوە.
ئیتالیا وەک وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ڕووبەڕووی هەڵاوسان و قەیرانی وزە بووەتەوە کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە دروست بووە. دوابەدوای پەرەسەندنی قەیرانی ئۆکرانیا، نرخی هەڵگرانی وزە بە تایبەت گاز و بەنزین بەرزبووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیتالیا نزیکەی ٤٠٪ی پێداویستییەکانی گاز و نەوتی لە ڕووسیا دابین دەکات.
جێبەجێکردنی سزا ئابوورییە بەرفراوانەکان لەلایەن ئەوروپا و ئەمریکا و رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی رووسیا لە کەمکردنەوەی بارکردنی گاز و زیادکردنی نرخەکەی، حکومەتی ئیتاڵیا خستووەتە کێشەیەکی زۆرەوە لە دابینکردنی گازدا.
سەرکەوتنی پارتە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکانی چەند مانگی ڕابردوودا لە وڵاتانی جۆربەجۆر لەوان سوید، دانیمارک، یۆنان و هەنگاریا زیاتر لە جاران سیاسەت و ئارمانجەکانی یەکێتی ئەوروپای تووشی کێشە کردووە و بووەتە یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی کاربەدەستانی ئەوروپی لە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.