خۆڕاگریی گەلی ئێران شانوشکۆی درۆینەی ئەمریکای شکاند
کارناسانی سیاسی بڕوایان وایە بە سەرنجدانی ڕاپرسییەکانی ناوخۆی ئەمریکا، ڕادەی بیزاری لە ترەمپ ڕۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ و لە لایەکی دیکەوە خۆڕاگریی خەڵکی ئێران، لە هەمبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ و کابینە شەڕخوازەکەی ، دەسەڵاتی درۆینەی ئەمریکای ئاشکرا کردووە بۆ هەموو جیهان.
کارناسانی سیاسی بڕوایان وایە بە سەرنجدانی ڕاپرسییەکانی ناوخۆی ئەمریکا، ڕادەی بیزاری لە ترەمپ ڕۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ و لە لایەکی دیکەوە خۆڕاگریی خەڵکی ئێران، لە هەمبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ و کابینە شەڕخوازەکەی ، دەسەڵاتی درۆینەی ئەمریکای ئاشکرا کردووە بۆ هەموو جیهان. پرسێک کە لە ڕۆژانی بەردەم هەڵبژاردنی نێواندەورەیی ئەمریکادا بەرپرسانی کۆشکی سپی زیاتر و زیاتر توڕە دەکات، چونکە ناڕازیبوونی گەلی ئەمریکا بە ڕوونی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیاندا ڕوونتر و ئاشکراتر دەبینن. شارەزایانی سەربەخۆی جیهانی پێیان وایە ئێران بۆ شکستپێهێنانی دوژمنانی پێویستی بە چەکی ئەتۆمی نییە، چونکە بە هەر ئەم ئامرازەی گەرووی هورموز دوژمنی شکستپێهێناوە و بەرەو تیاچوون و داڕمانی یەکجاری بردوون. ئەمەش بە نرخی نەوتی برێنت پشتڕاست دەکرێتەوە کە ١١٣ دۆلاری تێپەڕاندووە. هەرچەند ترامپ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوت هەر ئێستا دەتوانێت خۆی دەرباز بکات لە گێژەڵوکەی ئەو شەڕەی خۆی هەڵیگیرساندووەوە بەڵام ئیتر کەس بڕوای پێکناکات و هەموو فڕ و فێڵەکانی بۆ خەڵک ئاشکرا بووە و بۆتە گاڵتەجاڕی بۆ هەمووان، بەم حاڵەشەوە لەبری ئەم وەهم و خەیاڵە پووچانەی، پێویستە ترەمپ سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە زیاتر لەوە نەچەقێتە گێژەڵوکەی گەرووی هورموز، چونکە هەم کۆنترۆڵکردنی ڕووی گەرووی هورموز و هەم بنی گەرووەکە لە دەستی ئێراندایە؛ ئەو شوێنەیە کە کێبڵەکانی ئینتەرنێتی جیهانی لە بەردەستی ئێراندان. هەر لەم چوارچێوەیەدا دەیڤید پەین، شرۆڤەکاری پرسەکانی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایش وتوویەتی: ئێران دەتوانێ بە بڕینی کێبڵەکانی بنەوەی کەنداوی فارس ، ئابووریی ئەمریکا و جیهان تەواو پەک پێ بخات.بەپێی ڕاپرسییەکی هاوبەشی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، کەناڵی ئەی بی سی نیوز و دامەزراوی ئیپسۆس، لەسەدا ٧٢ی بەشداربووان پێیان وایە ئەمریکا لەسەر ڕێگایەکی هەڵەدایە و لەسەدا ٦٩ی ئەمریکییەکان دەڵێن بێزارن لە سیاسەتەکانی ترەمپ. تاکەر کارلسۆن، پێشکەشکارێکی بەناوبانگی ئەمریکایی، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، بە ئاماژە بە لیستی هەڵەکانی ترەمپ، دانی بەوەدانا کە ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و ئەم ئەمریکایە چیتر وەک ئەو ئەمریکایە نییە کە من تێیدا گەورە بووم. بە وتەی مەت براکن، ئەفسەری پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا و ئەندامی پێشووی مارینزە تایبەتەکانی هێزی دەریایی، سەبارەت بە پرسی ئێران، ترەمپ وەک قوماربازێکی ئالوودەبوو وایە کە بەردەوام پێی وایە خولێکی دیکە لە یاریی مان و نەماندا سەردەکەوێت و دەتوانێت شکستەکانی بکاتە سەرکەوتن. بەڵام لەبەرامبەر لێدوانە دژبەیەکەکانی ئەم قوماربازە، دەنگی ئێران یەکگرتووە. سەرلەشکەر موحسین ڕەزایی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران لە قسەی خۆی پاشگەز نابێتەوە و تا ئەمەریکا حەوت مەرجەکەی ئێران قبوڵ نەکات، نە گەرووی هورمز دەکەینەوە و نە دەگەڕێینەوە بۆ دانوستان. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران دەیان ساڵە خۆی بۆ شەڕێکی بەرفراوان لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەکات و پێویستە هەمووان بزانن کە هەر هەنگاوێکی دژ بە ئێران باجێکی قورسی دەبێ بۆیان. ڕاپرسییەکی زانکۆی هارواردیش دەریدەخات کە گەنجانی ئەمریکاییش متمانە و باوەڕیان بە ترەمپ و داهاتوویان لە ئەمریکایەک بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەدەستداوە . لەم ڕاپرسییەدا لەسەدا ٧٧ی ئەمریکییەکان ناڕازین لە کارنامەی سەرۆک کۆمار لە بواری ئابووریدا و ڕایانگەیاندووە کە ترەمپ تەنها خەریکی گەندەڵی ئابوورییە. هەر لەبەر ئەوە، هیلاری کلینتۆن، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی حکومەتی تیرۆریستی ئەمریکا وتی: بڵاوبوونەوەی هەر هەموو دۆسیەکەی ئەپستین لێکەوتەی جددی و قورسی بۆ ترەمپ دەبێت و تەنانەت لایەنگرانیشی بە دەرکەوتنی ئەم ڕاستییە شۆک دەبن کلینتۆن وتیشی: بنەماڵەی ترەمپ گەندەڵ و ساختەکارن. داهاتیان لە سەرۆک کۆمارییەوە دەتوانێت تێچووی ساڵێک خۆراک بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس یان ٣ مانگ خۆراک بۆ زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس دابین بکات.