پەلاماری بەهاوەنی تیرۆریستانی داعش بۆسەر خەڵکی سڤیلی سووریا
لەئاکامی پەلاماری بەهاوەنی تیرۆریستانی داعش بۆسەر سێ پارێزگەی دەیروزوور ، حومس و دیمەشق لانیکەم سێ کەسی سیڤیل کوژران و سێزدە کەسی دیکەش بریندار بوون .
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕەسمی سوریا سانا تیرۆریستانی تەکفیریی داعش بە هاویشتنی چەند خومپارە بۆ ناوچەی قسور لە دەورووبەری شاری دەیروزوور دوو کەسی سیڤیلیان کوشت و هەشت کەسی دیکەشیان بریندار کرد .
گوندی مەسعودییە لە هەشتا کیلومەتری ڕۆژهەڵاتی حومسیش کەوتە بەر پەلاماری بە هاوەنی ئەندامانی داعش و کەسێکی سیڤیلیش کوژرا.
بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگەی دیمەشق ناوچەکانی عەباسیین و کەفەر سوسە ش کەوتنە بەر پەلاماری بەهاوەنی ئەندامانی داعش و چوار کەسی سیڤیلیش لەبەر ئەم پەلامارانە بریندار بوون .
کەسێکی سیڤیلیش لەبەر وێکەوتی دوو گوللە هاوەن بە بازاڕێک لە ناوچەی کەباس بریندار بوو .
هەرلەم حاڵەدا کەناڵی تەلەفزیۆنیی مەیادین ڕایگەیاند تورکی بنعەلی موفتی باڵای تاقمی تیرۆریستیی داعش لە پەلاماری ئاسمانی لە سوریا لە نیزیک سنووری ئێراق کوژراوە.
تورکی بنعەلی سەرکردەیەکی باڵای تاقمی تیرۆریستیی داعش بوو و لە سەرەتای پێکهاتنی ئەم تاقمە تیرۆریستییە دەورێکی گرینگی لە وەرگرتنی ئەندامانی تیرۆریستی لە وڵاتانی دەورووبەری کەنداوی فارس دا هەبووە .