بەڕێ کرانی چەک و چۆڵی ئەمریکایی بۆ شەڕڤانانی کوردی سووریابەردەوامە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i302408-بەڕێ_کرانی_چەک_و_چۆڵی_ئەمریکایی_بۆ_شەڕڤانانی_کوردی_سووریابەردەوامە
سەرجەم یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بە شەڕڤانانی کوردی بەرهەڵستکار لە سووریا گەیشتە ٨٠٩ لۆری.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 01, 2017 09:54 Asia/Tehran
  •  بەڕێ کرانی چەک و چۆڵی ئەمریکایی بۆ شەڕڤانانی کوردی سووریابەردەوامە

سەرجەم یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بە شەڕڤانانی کوردی بەرهەڵستکار لە سووریا گەیشتە ٨٠٩ لۆری.

کەناڵی تەلەڤزیۆنیی "ئن تی وی" ی تورکیا ڕایگەیاند: ئەمریکا بۆ داکۆکی لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا "پەیەدە" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ٨٠ لۆریی دیکە چەک و کەرەستەی جەنگیی بەڕێ کردووە و بەم بارەوە سەرجەم ئەم یارماتییانە دەگاتە ٨٠٩ لۆری.

ئەم مێدیایەی تورکیا بانگەشەی کردووە چەک و چۆڵەکان لە سنووری ئێراق و لە پارێزگەی حەسەکەدا ڕادەستی هێزەکانی "پەیەدە" کراوە.

بە پێی راپۆرتەکانی ئەم مێدیایە، دەوڵەتی ئەمریکا بە بانگەشەی خەباتی دژ بە گرووپی تیرۆریستیی داعش و لە پێناو رزگار کردنی ڕەقە لە ژێر چنگی چەکدارانی ئەم گرووپە، تا ئێستا ٨٠٩ لۆریی تژی لە چەک و چۆڵ و کەرەستەی جەنگی خستۆتە بەردەستی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا "پەیەدە" و یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا "یەپەگە".

بە پێی بانگەشەی دەوڵەتی تورکیا؛ گرووپەکانی "پەیەدە" و "یەپەگە" کە ئەمریکا ئەوانە بە هاوپەیمانی خۆی ناو دەبات، بە نیازی زاڵ بوون بە سەر ناوچە سەرسنوورییەکانی نێوان پارێزگەی حەسەکەی سووریا تا سنووری پارێزگەی هاتای تورکیان.

مەسەلەی پڕچەک کردنی ئەم شەڕڤانانە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکی لە نێوان ئانکارا و واشینگتۆن و کاربەدەستانی ئەمریکا بانگەشە دەکات کە چەک و چۆڵی بەڕێ کراو بۆ ئەم هێزانە پاش سەرکوت کرانی داعش لێێان وەردەگیردرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بانگەشە دەکات ئەو چەکانە لە لایەن شەڕڤانانی کوردی سووریا دەخرێتە بەردەستی گرووپی پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا).