پێداگریی حەماس لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران
بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) لە سەر پەرەپێ دانی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت.
ئوسامە حەمدان بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)، ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکی تایبەت دا لەگەڵ قودسنا لە تاران وتی: ئێران و حەماس لە بابەتگەلێکی ستراتژیانەی وەک جیهانی ئیسلام، کێشەی فەلەستین ، خۆڕاگریی ئیسلامی و خۆڕاگرتن لە بەرامبەر ئیستیکباری جیهانی پێکەوە پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە.
ئوسامە حەمدان بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین سەبارەت بە گوشارەکانی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی بۆ دوور خستنەوەی حەماس لە ئێران و پچڕاندنی پەیوەندیی ئەم لایەنە لەگەڵ تەوەرەی خۆڕاگری پێی داگرت کە ئەمە ئاواتی بڕێک لە وڵاتانە کە حەماس لە کۆماری ئیسلامیی ئێران داببڕدرێت، بەڵام ئامادە بوونی شاندی حەماس لە تاران بەم واتایەیە کە حەماس قەت لە ئێران وەکوو هاوپەیمانێکی هەمیشەیی خۆی دوور ناکەوێتەوە.
بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی حەماس پێی داگرت : قۆناغی هاوبەشی پەیوەندییەکانی حەماس و ئێران گەلێک لەوە قوڵترە کە بە گوشارو پاڵەپەستۆی ئاوا لە لایەن ئەمریکاو ڕژێمی زایونییەوە تووشی خەوشاندن ببێت.
شاندێکی ڕێبەرانی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتیی ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕۆژی هەینی بیستی ئۆکتۆبەر گەییشتە تاران.