کاردانەوەی گرووپە فەلەستینییەکان بە دانرانی ناوی هەنییە لە لیستی تیرۆریزمی ئەمریکادا
بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگاری فەلەستین و بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی، بڕیاری واشینگتۆن لەمەڕ تۆمار کردنی ناوی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە لیستی تیرۆریزمی بە سووکایەتی ڕاستەوخۆ بە گەلی فەلەستین زانی.
کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادین راپۆرتی دا؛ بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگاریی فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بڕیاری واشینگتۆن لەمەڕ تۆمار کردنی ناوی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە لیستی تیرۆریزم لە ڕاستیدا بە مانای بە تیرۆریست زانینی هەموو گەل و خۆڕاگریی گەلی فەلەستینە.
بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگاری فەلەستین لەم بەیاننامەیەدا جەختی کرد: دەبێ لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە دووبەرەکی و جێبەجی کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ناوەندیی فەلەستین، وەڵامی ئەم کردەوەیەی ئەمریکا بدەینەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین ڕایگەیاند: بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ تۆمار کردنی ناوی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە لیستی تیرۆریزم لە چوارچێوی دژایەتی بێ بڕانەوە ی ئەمریکا بەرامبەر بە گەلی فەلەستین و مافی فەلەستینییەکدا ئەنجام دەبێ.
بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی جەختی کرد: ئێمە دڵنیاین کە ئەم بڕیارە هیچ کاریگەرییەک دانانێتە سەر سیاسەتی حەماس و هەڵوێستی سەرانی ئەم بزووتنەوەیە و لە سەروویانەوە ئیسماعیل هەنیە.
وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ناوی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە لیستی بایکۆت کراوانی ئەمریکادا تۆمار کرد.
هەروەها ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی کرد: سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی حەماس کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی بە دەستەوەیە، هەڕەشە و مەترسییەکە لە سەر ئەهوەنی و پاوەجێیی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و تێکدەری پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسراییلە.