تێکھەڵچوونی فەلەستینییەکان و لەشکریانی زایونی لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن
دەیان فەلەستینی دوای بەرپاکرانی نوێژی ھەینی لە تێکھەڵچوون لەگەڵ لەشکریانی زایونی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن لە ئەنجامی ھەڵمژینی گازی فرمێسک ھێن و بەرکەوتنی گوللەی لاسیکین بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی فەلەستین ئەلیەوم، خۆپیشاندانی فەلەستینییەکان بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ڕاگەیاندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل، دوای بەرپا کرانی نوێژی ھەینی و لە نۆھەمین ھەینیی توڕەیی دا بەڕێوە چوو.
تێکھەڵچوونی نێوان لاوانی فەلەستینی و لەشکریانی ڕژێمی زایونی لە دەروازەی باکووریی ناوچەی بیرە بووە ھۆی سەرکوتکرانی خۆپیشاندانی ئاشتی خوازانەی فەلەستینییەکان و بریندار بوونی دەیان فەلەستینی لە ئەنجامی ھەڵمژینی گازی فرمێسک ھێن و بەرکەوتنی گولەی لەشکریانی زایونی.
لاوانی فەلەستینی بە ھاویشتنی بەرد بەرەو لەشکریانی زایونی لەم خۆپیشاندانەدا کە بە بانگێشتنی ھێزەکانی نیشتیمانی و ئیسلامیی فەلەستین بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ڕاگەیاندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل، بەرپاکرا بوو، لە خۆیان بەرەڤانییان کرد.
سەرزەوینیەکانی فەلەستین لە شەشەمی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٧ی زایینییەوە دوابەدوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ناساندنی قودسی پیرۆز وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی، گۆڕەپانی تێکھەڵچوونی لەشکریانی زایونی لە گەڵ فەلەستینییەکانە. لەم تێکھەڵچوونانەدا ھەتاکو ئێستا ٢٢ فەلەستینی شەھیدو ھەزاران کەسیش بریندار بوونە. بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکان ، پتر لە ١٠٠٠ فەلەستینیش لە کاتی بڕیارە نالۆژیکانەکەی ترەمپەوە دژی قودس قۆڵبەست کراون.
جێگای ئاماژەیە کە بەیتولموقەددەس لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسامبەری 2017 سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات . ئەم کارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی جیهانی و ئیدانەکرانی لە لایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە بەرەوڕوو بووەتەوە.
کردەوەی یەک لایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی قودس شەپۆلی ئیدانەکردن و ناڕەزامەندیی جەماوەریی لە جیهانی ئیسلام ، ئەورووپاو تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاش هەڵایساندووە. بەیتولموقەددەس کە مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی موسڵمانانی لە خۆی دا جێ کردووەتەوە، بەشێکی دانەبڕاوەی فەلەستین و یەکێک لەو سێ پیرۆزگە ئیسلامییانە دێتە ئەژمارو لای موسڵمانان جێ و شوێنێکی گرینگ و تایبەتیی هەیە .بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی ساختەی زایونی بەردەوام ترەمپی وەک پشتیوانێکی بەهێزی ڕژێمی داگیرکەری قودس ناساندووە.