پۆلیسی ڕژێمی زایۆنی خوازیاری دادگەیی کرانی بنیامین نەتانیاهوو بوو
ژێدەرە هەواڵییەکان ئێوارەی چوارشەممە راپۆرتیان دا؛ پۆلیسی ڕژێمی زایۆنی ، خوازیاری دادگەیی کردنی بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە بوو کە تۆمەتی گەندەڵی دراوی خراوەتە پاڵ.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی فەلەستین ئەلیەوم بە گێڕانەوە لە کەناڵی ١٠ی تەلەڤزیۆنی ڕژێمی زایۆنی؛ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پۆلیسی دژ بە سپی کردنەوەی پارەدا، بڕیار درا کە داوا لە دەزگەی داد بکرێ بنیامین نەتانیاهوو لە دادگەدا لە بەر دۆسییەی ناسراو بە "دۆسییەی ١٠٠٠" دادگەیی بکات.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ بەڵگە کۆ کراوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لەم دۆسییەیەدا بەرتیلی وەرگرتووە، فریودان و هەڵخەڵەتاندنی هەبووە و خەیانەت لە ئەمانەتیشی کردووە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە کاردانەوە بەو راپۆرتە بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی شەخسیی خۆیدا لە یەکێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، بانگەشەی کرد کە دڵنیایە لەوەی کە دەزگەی داد لە ئاکامدا هەر بەوە دەگات کە هەر لە بنەڕەتدا هیچ شتێک بوونی نەبووە.
گرینگترین دۆسییەی گەندەڵیی دراوی کە سەبارەت بە نەتانیاهوو لە ئارادایە، وەرگرتنی یەک ملوێن دۆلار لە "ئارناود میمران" Arnaud Mimran لادەر و گەندەڵکاری ئابووریی فەرەنسییە کە دەگوترێ بۆ پڕوپاگەندەی سەرۆک وەزیرانی نەتانیاهوو خەرج کراوە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لەبەرکڕینی سێ ژێردەریایی لە ئەڵمان بە بایی پتر لە یەک ملیار دۆلار و هەروەها دۆسییەی ناسراو بە "١٠٠٠" بۆ وەرگرتنی بەرتیل و یارمەتیی دراویی نایاسایی بیانی وەبەر لێپێچینەوە و لێپرسینەوە کەوتووە.
ئەنجامی ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکات کە ٦٠% تا ٦٣%ی زایۆنییەکان خوازیاری واز لە کار هێنانی نەتانیاهوون.