٣٢ بریندار لە پەلاماری هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی و شارۆچکەنشینان بۆ سەر فەلەستینییەکان
ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستین ئێوارەی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند:لانیکەم ٣٢ فەلەستینی بە هۆی هێرشی هێزە سەربازییەکانی ئیسراییل و شارۆچکەنشینە زایۆنییەکان بۆ سەر شاری قودس و کەرتی ڕۆژاوای چۆمی ئەردەن بریندار بوون.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ ڕێکخراوی مانگی سووری فەلەستین ڕایگەیاند: هێزە سەربازییەکانی ئیسراییل و شارۆچکەنشینانی زایۆنی لەگەڵ لاوانی فەلەستینی لە شاری ئەریحا هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی ڕۆژاوا و گوندی "کەفەر عەقەب" لە باکووری قودس بوو بە شەڕ و پێکدادانیان. ئەم ناوەندەی فریاگوزاریی فەلەستین ڕاشیگەیاند: سوپای ڕژێمی زایۆنی بە گولەی جەنگی و پلاستیکی تەقەی لە لاوانی فەلەستینی کرد و گازی فرمێسکهێنی بۆ بڵاوە پێکردنیان بەکار هێنا.
لەم راپۆرتەدا هاتووە: کچێکی فەلەستینی لە گوندی کەفەر عەقەب بە زەبری گولەی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی برینێکی کاریی لێکەوتووە.
ماڵپەڕی ئینتیفازەی فەلەستین ئێوارەی شەممە لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە لە مانگی رابردووی زایینیدا (ژانڤییەی ٢٠١٨) ٩ فەلەستینی بە دەستی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی شەهید بوونە و ٢٠٣ کەسی دیکەشیان بریندار بوون. لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا فەلەستینی داگیرکراوگۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان و ناڕەزایەتی جەماوەری فەلەستین بەرامبەر بە شارۆچکەسازییەکانی کاربەدەستانی ڕژێمی زایۆنی و بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە قودسە.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چوارشەممە )شەشەمی دێسەمبەر( وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی رایگەیاند کە ئەمریکا شەرعییەت دەدات بە قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل و هەروەها فەرمانی دا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کە تەگبیری پێویست بۆ گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤەوە بۆ بەیتولموقەدەس بەڕێوە ببات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٢١ی دێسەمبەری ٢٠١٧ بڕیارنامەی داکۆکی لە قودسی بە ١٢٨ دەنگی ئەرێنی، ٩ دەنگی نەیار و ٣٥ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرد. بە پێی ئەم بڕیارنامەیە، ڕێکخراوی نەتەوەکان، قودس بە پێتەختیی ڕژێمی زایۆنی نازانێ.