بوردومانی مۆڵگەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی لە «عەسیر»ی عەرەبستان
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی شەممە لە تۆڵەی دەست درێژی و دڕنداکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن،مۆڵگەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی لە پارێزگای «عەسیر»ی باشووری عەرەبستانی بوردومان کرد.
کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن ڕایگەیاند: سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی ئەم وڵاتە بە چوار موشەکی باڵستیکی خۆماڵی لە چەشنی زەلزالی _یەک بنکەو بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودییان لە ناوچەی «ئەبوابولحەدید» لە عەسیری عەرەبستان داوەتە بەر پەلامار.
بە پێی ڕاگەیاندنی کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن، زیانی قورس لە سەعودییەکان و بەکرێگیراوانیان کەوتووە.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن کەم تاکورت بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلاماری موشەکە باڵستیکەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. ئاستی توانایی و ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی. عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.