ناڕازییانی لوبنانی ئاڵای فەلەستینیان هەڵکردو ئاڵای ئەمریکایان سوتاند
ناڕازییانی لوبنانی بە گرتنەدەستی ئاڵای فەلەستین لەگەڵ فەلەستینیان هاودەنگیان ڕاگەیاند و بەسوتاندنی ئاڵای ئەمریکا ناڕەزایەتیان دەربڕی بە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ناڕازییان لە شەشەمین رۆژی ناڕەزایەتی دەربڕینیان وێڕای گردبوونەوە لەبەردەم بینای بانکی ناوەندی لە بەیروت ڕایانگەیاند، سەرباری پەسەندکرانی گەڵاڵەی پێشنیارکراوی "سەعد حەریری" سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، بەنیازن درێژە بە خۆپێشاندانەکان بدەن.
لوبنانییەکان لەو گردبوونەوەدا جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دانرانی باج، گەندەڵیی دراڤیی ژمارێک بەرپرس و داوا بۆ لەسەر دەسەڵات لاچوونی ژمارێک لەوان، پەیامی ناڕەزایەتیان نارد بۆ سەرانی ئەمریکی و پەیامی دۆستایەتیش بۆ گەلی فەلەستین.
خۆپێشاندەران رۆژی دووشەممەش ئاڵای رژیمی زایۆنیان سوتاند و ناڕەزایەتیان دەربڕی بە سیاسەتەکانی ئەو رژیمە.
ناڕازییان و خۆپێشاندەرانی لوبنانی لەکاتێکدا درێژە دەدەن بە خۆپێشاندانەکانیان کە پارت و گرووپە سیاسییە لوبنانییەکان رۆژی دووشەممە ڕەزامەندییان دەربڕی لەگەڵ گەڵاڵەی پێشنیارکراوی حەریری بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئێستای ئەو وڵاتەو هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان.
کەمکرانی پەنجا لەسەتی مووچەی نوێنەرانی پەرلەمان و وەزیرانی کابینە، بەشێک لە گەڵاڵەی ئابوریی٢٤بڕگەیی سەعد حەریری یە.
لوبنان لە سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووەوە شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەرییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەباری گوزەران و ڕەوشی ئابوری.