میشێل عەون: شەڕی نێوخۆیی لە لوبناندا ھەڵناگیرسێتەوە
سەرۆک کۆماری لوبنان دوابەدوای سەرھەڵدانی تێکھەڵچوون لە ماوەی دووشەوی ڕابردوو لە ناوچەگەلێکی شارەکانی بەیرووت و تەرابلۆس، پێی داگرت:شەڕی نێوخۆیی لە لوبناندا ھەڵناگیرسێتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ناکۆکیی نێوان لایەنگرانی پارتە جۆربەجۆرەکان لە بەیرووت و تەرابلۆس بووە ھۆی سەرھەڵدانی پێکدادان و بشێوی لە بەیرووتی پێتەختی لوبنان و باکووری ئەم وڵاتە. ئەم ڕەوتە شەوی ڕابردووش ھەروا بەردەوام بوو.
ڕاپۆرتەکان دەربڕی بریندار بوونی ٣٣ ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشتی لوبنانن لە پێکدادانەکان لەگەڵ ناڕازییان لە ڕۆژی سێ شەممەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنان ڕۆژی چوارشەممە داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد کە بەخێرایی و لێبڕاوانە بێتە مەیدانەوە.
عەون جەختی کرد: مۆڵەت بە دووپات بوونەوەی ڕووداوەکەی دوێنێ شەوو گەڕانەوەی شەڕی «ئەلسنەتەین» واتە سەرەتاکانی شەڕی نێوخۆیی لوبنان نادەین، ئەو تێکھەڵچوونانە بۆ ھەتاھەتایە ڕەویوەتەوە.
ھەر لەم حاڵەدا سوپای لوبنان ڕایگەیاند: ھەل و مەرجەکە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە باری ئاسایی خۆی دەست کەوتووەتەوەو دەزگای دادیش خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ڕاپێچ کراوانەوە.
لوبنان لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە ھەتا ئێستا خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەوشتی باج و قەیرانی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت . بێکاری، دەستکورتیی ئابووری، کەڵەکە بوونی قەرزی دەوڵەت و بە تایبەت بارستایی لەڕادەبەدەری گەندەڵی دەشێ وەک چوار ھۆکاری سەرەکیی ناڕەزامەندییەکانی لوبنان دەستنیشان بکرێت. ئاستی بێکاری لەنێو کەسانی ژێر ٣٥ ساڵی لوبنانی نزیکەی لەسەدا ٣٧ـە. ئەم ڕادەیەی بێکاری تەشەنە سەندنی ھەژاری و دەستکورتیی لە لوبناندا بەدواوە بووە.
دەوڵەتی لوبنان بە ٨٦ ملیارد دۆلار قەرز، لەو دەوڵەتە ھەرە قەرزارانەی جیھان دێتە ئەژمار لە چاو بارستایی و ئاستی ئابووریی ئەم وڵاتە. بارستایی ئەم قەرزانە بە قەدەر یەک و نیو ھێندەی تکێڕای بەرھەمھێنانی ناڕەبەقی ساڵانەی لوبنانە.