ڕەزامەند بوونی حەماس بە بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن_ کۆتایی ھاتنی دووبەرەکی لە فەلەستین
سەرۆکی لێژنەی ناوەندیی ھەڵبژاردنی فەلەستین وێڕای پێشوازی کردن لە ڕەزامەند بوونی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین«حەماس» لەگەڵ بەشداری لە ھەڵبژاردن وتی: ئەم ھەنگاوە دووبەرەکی لە فەلەستین دا کۆتایی پێ دێنێ.
«ئیسماعیل ھەنیە» سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس» ڕۆژی ڕابردوو ڕەزامەند بوونی ئەم بزوتنەوەیەی لەگەڵ بەرپاکرانی ھەڵبژاردن لە سەرتاسەری فەلەستین ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، «حەنا ناسر» سەرۆکی لێژنەی ناوەندیی ھەڵبژاردنی فەلەستین ڕایگەیاندووە: وەڵامەکەی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس»، لەدوای دانوستانەکانی نێوان کەرتی ڕۆژئاواو ناوچەی غەززە دێت کە ئەم بزوتنەوەیە بە بیرتیژی و تەگبیرەوە ڕەزامەند بووە بە بەشداری کردنی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا.
«حەنا ناسر» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەشداریی تاقمە فەلەستینییەکان لە ھەڵبژاردندا، کۆتایی بەو دووبەرەکییە دوانزە ساڵەیە دەھێنێت، جەختی کرد: سندوقەکانی دەنگدان گرینگترین شتێکە کە لێژنی ھەڵبژاردنەکانی فەلەستین بۆ دیاری کردنی نوێنەران لە ئەنجومەنی یاساداناندا پشتی پێ دەبەستێت.
دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەلەستین لە ٢٥ی ژانویەی ساڵی ٢٠٠٦ بەرپا کراو تیای دا بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس»، سەرکەوت. لەم ماوەیەدا ھیچ ھەڵبژاردنێک لە فەلەستین دا بەرپا نەکراوە، لە کاتێکدا کە بەرپا کرانی ھەڵبژاردن بەردەوام لەو داخوازییە گرینگانەی تاقمە سیاسییەکانی فەلەستین بە تایبەت تاقمەکانی خۆڕاگری بووە.
بەرلەمە حەماس ڕەزامەند بوونی مەرجداری خۆی بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی بەردەم ڕاگەیاند بوو.
حەماس ڕایگەیاند بوو کە تەنیا لە کاتێکدا ڕەزامەندە بە بەرپا کرانی ھەڵبژاردن لە لایەن پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینەوە کە ئەم ھەڵبژاردنە شاری پیرۆزی قودس و ناوچەی غەززەو کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەنیش بگرێتەوە.
ڕژێمی زایونی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەپاش سەرکەوتنی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین«حەماس» لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، کەرتی غەززەی گەمارۆ داوەو پێشی بە چوونی کاڵاو پێدوایستیی سەرەکی لەوانە سووتەمەنی، خۆراک، داوودەرمان و کەرەستەی بیناسازیی بۆ ئەم ناوچەیە گرتووە.