باڵوێزی یەمەن لە تاران: عەرەبستان مکوڕ نییە لەسەر وازھێنانی لە شەڕی یەمەن
باڵوێزی یەمەن لە ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە عەرەبستانی سەعودی، مکوڕ نییە لەسەر وازھێنانی لە شەڕی یەمەن، وتیشی: ئەگەر کاربەدەستانی ڕیاز ھۆگری کۆتایی ھێنان بەشەڕ بوونایە، وێڕای چەسپاندن و پابەند بوون بە ئاگربڕ، دەھاتنە پشت مێزی دانوستانەکان.
«سەیید ئیبراھیم ئەلدەلیمی» باڵوێزی یەمەن لە تاران لە وتووێژێکی تایبەتی دا لەگەڵ «ئێران پرێس»، وێڕای شی کردنەوەی ئامانجەکانی عەرەبستانی سەعودی لە دەست پێکردنی دەستدرێژکاریی سەربازی بۆ سەر بەمەن، وتی: ڕژێمی دەست درێژکارو تیرۆریستی سەعودی بە ھاریکاریی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییە نێوخۆیی و دەرەوەییەکانی خۆی بە شەڕی یەمەنەوە تێوە گلاند.
ئەلدەلیمی، بوژاندنەوەی ڕەوشتی ژیۆپۆلۆتیکی عەرەبستانی سەعودی لە یەمەن، خۆش کردنی بەستێن بۆ دەستەڵات گرتنی موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری سەعودی لە عەرەبستان، یارمەتی دانی تاقمە یەمەنییەکانی سەربە ڕیاز بۆ دەستەڵات گرتن و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایونیی لەو ئامانجانەی ڕیاز بۆ ھێرش کردن و ھەڵایساندنی شەڕی دژی یەمەن زانی.
ناوبراو لە بارەی کاریگەریی شەڕی یەمەن لە سەر ڕەوشتی تەندروستی و خۆراکیی خەڵکی ئەم وڵاتەو ھەنگاوی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە بارەی قەیرانی یەمەن وتی: کاریگەری و شوێنھاتی شەڕ لە بەشە جۆربەجۆرەکانی ئابووری، گوزەران و تەندروستی کارەساتبار بووەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بۆ یارمەتی دانی خەڵکی ئەم وڵاتە بە باشی ڕاپەڕێنن.
باڵوێزی یەمەن لە تاران ھەروەھا لە بارەی ھەنگاوەکانی سەنعا لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بۆ وەرگرتنی زیانبایی لە عەرەبستانی سەعودیش وتی: بە پێی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان ڕیازو وڵاتانی بنێری چەک بۆ عەرەبستان لەوانە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و ئەمریکا دە بێ لەبەر تێکدانی ژێرخانەکانی یەمەن زیانبایی بە دەوڵەت و خەڵکی ئەم وڵاتە بدەن.
«سەیید ئیبراھیم ئەلدەلیمی» باڵوێزی یەمەن لە تاران لە بارەی دەنگدانەوەی ھەڵمەتە موشەکییەکانی ھێزەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوەی نەوتیی «ئارامکۆ»ی عەرەبستان لە ئاستی ناوچەکەو جیھان و شوێن دانانی لە سەر دانوستانە سیاسیەکانیش وتی: ئەو ھەڵمەتانە بوونەھۆی گۆڕدرانی ڕوانگەی کۆمەڵگای جیھانی بەرامبەر بە ڕەوشتی کارەساتباری یەمەن و چڕبوونەوە لە سەر دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەم وڵاتە.
ناوبراو لە بارەی ئەو بوختانانەی کە بۆ ئێران دەکرێت لەمەڕ یارمەتی دانی چەکەمەنیانەی یەمەن و ھەروەھا تۆمەتبار کردنی ئێران بە دەست ھەبوونی لە ھەڵمەتەکانی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ، وتی: لە ھەل و مەرجێکدا کە یەمەن لع گەمارۆدایەو تەواوی سنوورەکانی ئەم وڵاتە داخراون، ھێنانە ئارای باسی ناردرانی چەک و تفاق بۆ ئەم وڵاتە چ لە لایەن ئێرانەوە بێت و یان ھەر وڵاتێکی دیکە، بێ مانایە.
«سەیید ئیبراھیم ئەلدەلیمی» باڵوێزی یەمەن لە تاران ھەروەھا ئامانج لە ھێنرانە ئارای ئەم بانگەشەگەلەی لە ھەل و مەرجی ئێستادا، پیشاندانی سیمایەکی ناڕاست لە ڕەوشتی یەمەنە بە مەبەستی شاردنەوەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی داگیرکەران لەم وڵاتەدا.