درێژەی قەیرانی مرۆیی لە غەززەو باشووری لوبنان
بەپێی تازەترین راپۆرەکان، قەیرانی مرۆیی لە غەززەو باشووری لوبنان هەروا بەردەوامە، قەیرانێک کە سەرباری ئاگربەس، هەروا رەهەندو لایەنی بەرفراوانتر بەخۆوە دەگرێ.
لەئاکامی پەلاماری ٢٤کاتژمێری رابردووی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، تەرمی ٧ شەهیدو ٢٣ بریندار گوێزرایەوە نەخۆشخانەکانی ئەو کەرتە. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە لە دەسپێکی شەڕ لە٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تائێستا، ٧٣هەزار و ٤٠٠ کەس شەهیدو ١٧٤هەزار و ٣١٢ کەسیش بریندار بوون.
لەپاڵ زیانی گیانی و بوونەقوربانی کەسانی بێتاوان، قەیرانی گوزەران و خواردەمەنیش لە غەززە، تەشەنای کردووە. ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانیش لەبارەی کەمیی خۆراک، ئاو و دەواو دەرمان لەو ناوچە، هۆشداریی دەدەن. نووسینگەی میدیایی حکومەتی غەززەش رایگەیاندووە، پتر لە دوو ملیۆن و ١٥٠هەزار ئاوارەی فەلەستینی لە هەلومەرجێکی دژواردا ژیان دەکەن و پتر لە ٨٦٧ هەزار کەس لەوان زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵ، لە خێوەتگەلی کاتی و نەشیاودا نیشتەجێن. ئەو نووسینگەیە خوازیاری هاتنی خێرای کەل وپەل و پێداویستیی بۆ دروست کردنی سەرپەناو شوێنی حەوانەوەو بەرەوڕووبوونەوەی بارودۆخی کەش وهەوا بووە. سەرچاوە هەواڵییەکان هەروەها ڕایانگەیاند، رژیمی زایۆنیستی چەندین جار هێرشی کردۆتەسەر ناوچە جیاجیاکان لە باشووری لوبنانیش. فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنیستی بەقورسی ناوچەکانی نەبەتییە، عەلی تاهیر و کەفر رەمانیان بۆردومان کرد. هاوکات، قەیرانی مرۆیی لە لوبنانیش بەردەوامە. کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەناخوازان ڕایگەیاندووە، پەلامارەکانی ئەم دواییەی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر باشووری لوبنان، بەسەدان خێزانی جارێکی دیکە ئاوارە کردووە. قەیرانی مرۆیی لە غەززەو لوبنان، هەروا دریژەی هەیەو بەملیۆنان کەس لەگەڵ ناهێمنی، ئاوارەیی، کەمیی پەناگەو کەمپ و قەیرانی دەسڕاگەیشتن بە خۆراک و راژەکارییە بنەڕەتییەکاندا بەرەوڕوون.