پەیامەکانی نەبەردی تەلعەفەر
ڕزگارکرانی تەلعەفەر لەبن دەستی داگیرکەرانی ڕەشەکوژی داعشی لەماوەی تەنیا حەوتەیەکدا، هەڵگری پەیامگەلێکی گرینگە.
ئۆپراسیۆنی ئازاد کردنی شاری تەلەعفەر لە ڕۆژاوای پارێزگەی نەینەوا لە دەستی تاقمی تیرۆریستیی داعش بیستەمی ئووتی ساڵی 2017 بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراق دەست پێکرا.سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی"قادمون یا تەلعەفەر" سەرلەئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو(٢٦ی ئاگۆست) ڕایگەیاند؛ ٢٩گەڕەکی شارستانی تەلعەفەر سەربە پارێزگای نەینەوا لەچنگ داعش ڕزگار کرا.
گرینگترین پەیامی ڕزگارکرانی تەلعەفەر تەنیا لە حەوتەیەکدا، هەڵوەشان و فەشەلیی داعشە. دەکرێ بگوترێ، لەنێو ئەو ناوچانە لە ئێراق کە کەوتبوونە دەست داعش، تکریت، فەلووجە، ڕۆمادی، مووسڵ و تەلعەفەر، پێنج شاری گرینگ و ستراتژیک بوون کە داعش داگیری کردبوون.ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵ کرانەوەی تکریت، فەلووجەو ڕۆمادی مانگێک، هەڵمەتی ڕزگارکرانی مووسڵ حەوت مانگ و ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی تەلعەفەر تەنیا حەوتەیەکی خایاند. ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی مووسڵ دابەش کرابوو بەدوو کەرتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی کە بەشە ڕۆژاواییەکەی لەماوەی١٠٠ڕۆژداو کەرتە ڕۆژهەڵاتییەکەشی لەماوەی چوارمانگدا ڕزگار کرا.
خاڵێکی گرینگ کە هەڵوەشان و هەرەس هێنانی داعش پشت ڕاست دەکاتەوە، ئەوەیە کە تەلعەفەر لەکاتێکدا تەنیا لەماوەی حەوتەیەکدا لەچنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرا کە ئەو شارە، ٣٢٠٠کیلۆمتری چوارگۆش ڕووبەریەتی. بەواتایەکی دیکە، ڕووبەری تەلعەفەر لەبەراوەرد لەگەڵ مووسڵ نزیک دوو هێندەیە. ئەوەی کە تەلعەفەر بەو ڕووبەرە لەماوەی حەوتەیەکدا ڕزگار دەبێ پێشاندەری ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعش لەدوو ساڵی ڕابردوودا کە سوپای ئێراق بەرەنگاریان دەبۆوە، لەباری هێزی مرۆیی تووشی کەمایەسی هاتبوون و پرۆسەی لاوازبوون و هەرەس هێنانیشیان پێوا.
دووهەم پەیامی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵ کرانەوەی تەلعەفەر ئەوەی کە بە تێپەڕینی کات، ئەزموونی هێزە ئێراقییەکان لەئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەدژ تیرۆریستان بەرز بووەتەوەو هەرئەوەش هۆکارێکی گرینگە بۆ ئەوەی ماوەی ئەنجامگرتنی ئۆپراسیۆنەکە درێژخایەن نەبێ.لەو ڕووەوە، دەکرێ بگوترێ ئێستا تەنیا وڵاتانێکی وەک ئێراق، سووریاو وڵاتانێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەشەڕی دژ بەتیرۆریستان لەتەنیشت سوپا و هێزەکانی سووریاو ئێراقدان، توانای بەرەنگاربوونەوەو زاڵبوون بەسەر ئەو هێزانەیان هەیە. ئەو توانایە نەک بە درووشم بەڵکوو بە ئیرادەی جیددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەدەست هاتووە.
پێویستە بگوترێ، ئۆپراسیۆنی تەلعەفەر لەماوەی تەنیا حەوتەیەکدا سەلمێنەری ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنی حەویجەو قائیم، دوو شاری دیکەش کە لەچنگ تیرۆریستانی داعش دان ، بە کەمترین قوربانی و لەخێراترین کاتدا ئەنجام دەگرێت.