گەشتی ناوچەیی سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەردانێکە لە چوارچێوەی ئامانجی ستراتژیک
بە تەشەنەسەندن و تووند بوونەوەی ناکۆکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەردانی وڵاتانی عەرەبستان، تورکیا و دواتریش ئێران، بەنیازی نێوەنجی گەرییە بە مەبەستی دابەزاندنی ئاستی کێشە و تووندوتیژییەکانی ناوچە.
ئەگەرچی پێش ئەوەش، کاربەدەستانی عێراقی چەندین گەشت و سەفەریان بووە بۆ وڵاتانی ناوچە بەڵام سەردانەکەی عەبادی لەم ڕوانگەوە گرینگایەتی هەیە کە پاش سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لە سەر تاقمە تیرۆریستییەکان بەتایبەت پاش سەرکەوتنە گەورەکەی سوپای عێراق لە مووسڵ و ڕاگیر کردنی هەوڵی جیایی خوازانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم وڵاتە دەور و جێ و شوێنی خۆی لە ناوچەکەدا وەدەس دێنێتەوە.
لەڕاستیدا سەردانەکەی عەبادی بۆ وڵاتانی ناوچە پتر لە هەر شتێک پیشاندەری هەڵکشانی پلەی ناوچەیی ئەم وڵاتە و سەقامی دەسەڵاتی سیاسی و ئاسایشییە لەودا.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش سەردانی عەرەبستانی و تورکیا لە سەرووی شاندێکی پایەبەرزی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی گەیشتە تاران.
حەیدەر عەبادی لەم سەردانە یەک ڕۆژەیەدا سەبارەت بە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە، گەشە پێدانی هاوکاری سیاسی، ئاسایشی، ئابووری و بازرگانی و هەروەها هەڵوێستی عێراق لەمەڕ داهاتووی ناوچەکە لە قۆناغی پاش داعش و پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئێران وتووێژی کرد.
ئەنجام ئەوەی کە حەیدەر عەبادی لە هەوڵی ئەوەدایە لە لایێکەوە پاش ماوەیێکی زۆر تێکهەڵچوون لە نێوخۆ و خەباتی دژی تیرۆریزمی داعشی، بە نێوەنجی گەری لە ناکۆکییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، عێراق وەکوو دەورگێڕیکی ناوچەیی بەتایبەت لە ڕێگای نێوەنجی گەری لە ناکۆکییەکان پێناسە بکات و لە لایێکی دیکەشەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات بە سەردانە ناوچەییەکەی پیشان بدات کە عێراق قەیرانە نێوخۆییەکانی بەزاندووە و ئێستاکە لە بیری گەشەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە.