حوزه‌یران 12, 2017 19:45 Asia/Tehran
  • ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستەکەی وەلانرا

"کۆسرەت ڕەسول عەلی" جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق بڕیارەکەی دەرکردووە .

به پێی راپوری باس نیوز، بە بڕیاری هەریەک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و دەستەی کارگێڕیی حزبەکە، بڕیاری لەکار لادانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەرکرا.

بەپێی نووسراوی ژمارە (231\ج) کە ئەمڕۆ دووشەممە 12/6/2017 دەرکراوە و واژووی کۆسرەت ڕەسول عەلی بەسەرەوەیە، ئەوە ڕاگەیاندراوە، بڕیار دراوە بە ”ئیعفاکردنی“ ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بانگهێشتکردنی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بارەگای مەکتەبی سیاسی، بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ فراکسیۆنەکە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بڕیارەکە لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ڕۆژی 20/8/2016 و کۆبوونەوەی 29/5/2017 بە سەرپەرشتیی (جێگری سکرتێری گشتی) و بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، دەرکراوە.

ئاڵا تاڵەبانی بە یەکێک لە نزیکترین ئەو پەرلەمانتارە کوردانە دادەندرێت کە لە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە نزیکە و لە ماوەی ڕابردوودا لە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا، جارێک سەربەخۆیی کوردستانی بە ”پیلانێکی هەرێمی لە دژی یەکپارچەیی عێراق“ لە قەڵەم داوە و جارێکی دیکەش ڕەچەڵەکی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ”بەنی ئەسەد“ی سەر بە پێکهاتەی عەرەبی شیعە گەڕاندووەتەوە، بەو هۆیەشەوە کاردانەوەیەکی زۆری لە بەرامبەر دروست بووە.