داوا دەکرێت هەڵەبجە لە هەڵبژاردنەکاندا وەک بازنەیەکی سەربەخۆ دیاریبکرێت
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، نوسراویان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق کردوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەیەکی سەربەخۆ دیاریبکرێت و ژمارەی کورسییەکانی دیاریکراوبێت، بەو پێیەی لە ئەنجومەنی وەزیران، مامەڵە فەرمییەکان و کۆدی خۆراکیدا هەڵەبجە وەک پارێزگا جیاکراوەتەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە میدیای خەندان-ی راگەیاند، پێشووتر لەیاسای هەڵبژاردن کەلەلایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لە کۆتایی ساڵی رابردوو رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرابوو، هەڵەبجە وەک قەزایەک دیاریکراوەو یەک کورسی بۆ دیاریکراوە، "ئێمە ئەو کاتیش داوامان لە سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانتاران کرد کە بەوپێیەی هەڵەبجە چ لە ئەنجومەنی وەزیران چ لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە داوامانکردوە هەڵەبجە وەک پارێزگا و بازنەیەکی سەربەخۆ بێت لە هەڵبژاردنەکاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆدی خۆراکی هەڵەبجە جیاکراوەتەوە و ژمارەی فەرمی دانیشتوانی هەڵەبجە لای هەموان روونە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا ئەگەر هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کاریگەری دەبێت، چونکە لە هەمو یاسایەکدا کەمترین کورسی بۆ پارێزگاکان دیاریدەکرێت بۆ نمونە لە ئێستادا پارێزگای موسەنا بچوکترین پارێزگای عێراقە و ژمارەی دانیشتوانی 832 هەزار کەسە، بەڵام 7 کورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دیارکراوە، بۆ هەڵەبجەش داوا کراوە رێژەیەکی جێگر لە کورسییەکان دیاربکرێت دوای ئەوە بەهەر 100 هەزار یان 200 هەزار دەنگێک کورسییەکی دیکەی بۆ زیاد دەکرێت، لەو حاڵەتەشدا رەنگ بێت لە نێوان (3 بۆ 5) کورسی لەیاسای هەڵبژاردن وەک پشکی بچوکترین پارێزگا دیاریبکرێت.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی گەیاندنی داواکاریەکەش بە پەرلەمانی عێراق وتی، داواکارییەکە دراوەتە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا و کاریان لەسەر کردوە، هەروەها نوسراویش ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و ئەوەش رونکراوەتەوە ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی هەڵەبجە زیاد بکرێت، لە کۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمان زیاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر وەک دانیشتوان هەژمار بکرێت وەک پێشوتر بە یەک کورسی دیاریدەکرێت.