مەسرور بارزانی سبەی دوشەممە لە پەرلەمانە
بڕیارە سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەکۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبن بۆ تاوتوێی چەند تەوەرێک.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاساییی خولی پایزەی رۆژی دووشەمە رێکەوتی 2020/10/5ی راگەیاند.
بە پێی راپۆرتی میدیای وێستگە نیوز ، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم خستنەڕوو و گفتوگۆکردن بۆ چەند بابەتێک بە ئامادەبوونی (سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووری)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان -عێراق، بەپێی حوکمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجام دەبێت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دا ئەم پرس و بابەتانە تاووتوێ بکرێن :
1ـ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەمووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنیشنی لەهەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (2)ی ساڵی 2020.
2ـ بارودۆخی داراییی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچە.
3ـ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
4ـ بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
5ـ لێکەوتەکان و هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.
ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، ئاوات شێخ جەناب دوای ئەوە دێت لەماوەی رابردوودا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران واژوویان کۆکردەوە بۆ پرساندنی ئەو سێ بەرپرسە باڵایە بۆ تاوتوێی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لەپەرلەمانی کوردستان کرد وادەیەک دیاری بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بڕۆنە پەرلەمان بۆ تاوتوێی چەند تەوەرێک کە سەرەکیترینیان دۆخی داراییە.