تورکیا چەند گوندی زاخۆی بۆردومان کرد
فڕۆکەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٩ ی کانوونی یەکەم دەستیان کردووە بە بۆردومانی بە چڕیی چەند ناوچەیەکی زاخۆ و حەفتانین .
بەپێی زانیاریەکانی میدیای " سپی " ، تورکیا بە تۆپباران و بە فڕۆکەش بۆردومانی گوندەکانی ناوچەیەکی فراوانی حەفتانین و زاخۆی کرد و تا ئێستا زیانە گیانی و مادیەکان نەزانراوە. ئەو گوندانەش کە کەوتوونەتە ژێر بۆردومانی تورکیاوە زۆریان لە دوا هێرشی تورکیادا بۆ سەر ئەو ناوچەیە دانیشتوانەکەی چۆڵیان کردووە.
کۆتایی هەفتەی رابردوو لە راگەیاندنێکدا هێزەکانی پاراستنی گەل، باڵی سەربازی پەکەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە دوو هێرشدا شەش سەربازی تورکیایان کردبووە ئامانج.
درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دوو گوندی سنوری باتیڤایان بۆردومان کرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت لەسنوری پارێزگای دهۆک بۆ PUKmedia ووتی: فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هەردوو گوندی گەلکەوڕکێ و بەرانشێیان لەسنوری ناحیەی باتیڤا لەپارێزگای دهۆک بۆردومان کردوە.
وتیشی: بۆردومانەکە 20 بۆ 30 دەقیقە بووەو هێشتا هیچ زانیاریەک لەسەر زیانەکان نیە.