ساڵی رابردو ٣١٥ پێشێلکاریی بەرامبەر میدیاکاران لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی گرتووە
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان رایگەیاند: ساڵی ٢٠٢٠ لەپارێزگاکانی هەرێم ٣١٥ پێشێلکاری بەرامبەر میدیاکاران ئەنجام دراون و ١٣٨ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆمارکراون.
«نەزاکەت حسێن»، سکرتێری داکۆکیکردن لە ئازادیی و مافی ڕۆژنامەنوسان کە لیژنەیەکی چاودێری سەر بە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانە ئاماژەی بەوەش کردووە کە، ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی روبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە گەیشتوەتە ١٣٨ حاڵەت، هەروەها ٤ حاڵەتی تۆمارکردنی سکاڵا و ٨ حاڵەتی لێدانی رۆژنامەنوسان تۆمارکراون.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ژمارەی پێشێلکارییەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە، ٤٦ پێشێلکاری لەپارێزگای هەولێر، ٣٦ پێشێلکاری لە پارێزگای سلێمانی، ٢٥ پێشێلکاری لەپارێزگای کەرکوک، ١٧ پێشێلکاری لەپارێزگای هەڵەبجە و ١٤ پێشێلکاریش لە پارێزگای دهۆک لە لیژنەکەیان تۆمارکراون.