شوبات 21, 2021 18:08 Asia/Tehran
  • ھۆشداری نێچیروان بارزانی لە پەراوێزخستنی لایەنەکانی عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشتر ڕونبووەتەوە بەهۆی نەمانی شەراکەتەوە دۆخی عێراق وێران بوو و داعش زۆرشوێنی عێراقی داگیرکرد، ئێستاش هەوڵ دەدرێت شەراکەت نەمێنێت.

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە ڕۆژی شەهیدی عێراقیدا لە هەولێر ڕایگەیاند، “واقعی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد بە دڵی ئێمە و هەندێک لایەنی شیعە نییە و ئەگەر شەراکەت نەبێت دۆخی عێراق لە ئێستا خراپتر دەبێت”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “هیچ هاوبەشییەکی نێوان شیعە و کورد بەبێ بوونی سونە تەواو نابێت و هەموو پەراوێزخستنێک زیاتر عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات”.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، “پێشکەوتنی هەرێم دەبێت دڵی هەموو عێراقییەک خۆشبکات، چونکە پێشکەوتنی هەرێم یانی پێشکەوتنی بەشێک لە عێراق و هەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ”.

سەرۆکی هەرێم وتی، “خوای گەورە سامانێکی زۆری بە عێراقییەکان بەخشیووە، بەڵام ناکۆکی سیاسی هەمیشە وایکردووە عێراقییەکان لە ناخۆشیدا بژین و سود لەو سامانە وەرنەگرن”.

لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، “هۆشداری دەدەین لە پەراوێزخستنی لایەنەکانی عێراق و ئەگەر هەر لایەنێک پەراوێز بخرێت ئەوا دۆخەکە لە ئێستا زیاتر خراپتر دەبێت”.

سەرپەیڤ