نیسان 26, 2021 07:35 Asia/Tehran
  • پەکەکە: سوپای تورکیا چەکى کیمیایی لە دژی ئێمە بەکارهێناوە

بەرپرسی پەیوەندییەکانى هەپەگە رایدەگەیەنێت، سوپای تورکیا پێنج جار چەکی کیمیای لە دژی هێزەکانیان بەکارهێناوە و شەڕی سەخت لەنێوان ئەوان و سوپای تورکیا بەردەوامە، سوپای تورکیا دەیەوێت دەربازى ناوچەى ژێر کۆنترۆڵى پەکەکە بێت.

 

کاوە شێخ موس بەرپرسی پەیوەندییەکانى هەپەگە بە میدیای شارپریسى راگەیاند، لە شەوى رابردووەوە ( شەممە لەسەر یەکشەممە) شەڕێکى سەخت لەناوچەکانى نزیک کونە ماسی و بامەڕنی باڵا بەردەوامە، سوپای تورکیا هەوڵ دەدات دەربازى ناوچەى ژێر کۆنترۆڵى گەریلا بێت، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە پیشڕەوی بکەن.

ئاماژەى بەوەشکرد، سوپاى تورکیا پێنج جاران چەکى کیمیایی لە دژى هێزەکانیان لە ئەشکەوت و بارەگاکاندا بەکارهێناوە.

ئەو بەرپرسەى هەپەگە باسى لەوە کرد،  لە  تێکهەڵچوونەکانی دوێنێ یەکشەممەدا ١١ سەربازى تورکیا کوژراون و ژمارەیەکى دیکەش بریندار بوون، بەڵام ئەو ژمارەیە زیاترە.

کاوە شێخ موس روونیکردەوە هێزەکانیان چەند هێرشێکى هەواییان بە خۆفڕ کردوەتە سەر سوپاى تورکیا و سەرجەم هێرشەکان ئەنجامی باشیان هەبووە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو فرۆکەکانى تورکیا بەبەردەوامى ناوچەکانى زاپ و ئاوەشین و مەتینا بۆردومان دەکەن.

سەرپەیڤ