May 05, 2021 02:16 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی :هه‌وڵ دەدەین سەرۆکایەتیی هه‌رێمی کوردستان شوێنی کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌کان بێت

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان «نێچیرڤان بارزانی‌» سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان و «عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌» رێکخه‌ری‌ گشتیی گۆڕان، دووپات له‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ کاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ببێت بە خاوه‌نی‌ ده‌ستوورێکی‌ په‌سه‌ندکراو .

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممە چواری‌ ئایار، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، سه‌ردانی‌ سلێمانی‌ کرد و چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌کان ئه‌نجام دا.

سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان گوتی‌: دووپات له‌ ڕه‌خساندنی که‌شێکی له‌بار بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پاراستنی ئازادییه‌کان و ته‌بایی ناوخۆیی ده‌که‌ینه‌وه‌.

وتیشی: بە خۆیان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانەوە، ئاماده‌ن هه‌موو هه‌وڵێک له‌م پێناوه‌دا بخه‌نه‌ گه‌ڕ و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان شوێنی کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌کان و لایه‌ن و پێکهاته‌کان بێت، ئامانجی هاوبه‌شی هه‌مووان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی هه‌رێمی کوردستان و باشترکردنی ئه‌زموونه‌که‌یەتی.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا «عومه‌ر سه‌ید عه‌لی» ڕێکخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان قسه‌ی‌ کرد و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی به‌ ئه‌رێنی نرخاند. دووپاتیشی کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن‌ هه‌موو هێز و پێکهاته‌کانه‌وه‌ پشتگیری له‌و هه‌وڵانه‌ و له‌و ئاراسته‌یه‌ بکرێت که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌موو لایه‌کدایه‌.

له‌باره‌ی پرسی ده‌ستووریشه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌وه‌ی پێویسته‌ هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی ده‌ستوورێکی سه‌رده‌میانه‌ و پێشکه‌وتوو بێت که‌ به‌شداریی هه‌مووانی تێدا بێت، خواست و مافه‌کانی هه‌موو پێکهاته‌کانی کوردستان و ئێسته‌ و داهاتووی وڵات و جەماوەری کورد بپارێزێت و له‌گه‌ڵ دنیای پێشکه‌وتوو بگونجێت. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پێوست زانرا دید و بۆچوونی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و پێکهاته‌کان و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ ئاماده‌کردنیدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، تا دواجار له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بگاته‌ ئه‌نجام.

سەرپەیڤ