دیداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پاشای ئۆردۆن
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئۆردۆن چاوی بە پاشای ئەم وڵاتە کەوت و لە بارەی پەیوەندیی دوولایەنەو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە قسەی لەگەڵدا کرد.
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە گەییشتە ئەمانی پێتەختی ئۆردۆن و لەگەڵ «عەبدوڵڵای دووھەم» پاشای ئەم وڵاتە دیداری کرد.
ھەردووک لا لە دیدارەکەدا لە سەر ھۆگریی بەرامبەر بە پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانیان لە بواری جۆربەجۆر پێیان داگرت.
بارزانی و عەبدوڵڵای دووھەم دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان شی کردەوەو عەبدوڵڵای دووھەم لە سەر ڕاوەستانی ئۆردۆن لە پشتی عێراق و داکۆکی لە نەتەوەی ئەو وڵاتە جەختی کرد.
عەبدوڵڵای دووھەم لە دیدارەکەدا ھەروەھا لە سەر پێویستیی ھاریکاریی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە شەڕی دژی تیرۆریزم بە مەبەستی ھێزمەندکردنی ئاسایشت و سەقام لە ناوچەکەو جیھان پێی داگرت.
ھەر لە دیدارەکەدا «نێچیرڤان بارزانی»یش پێزانینی بۆ ڕۆڵی «شا عهبدوڵڵای دووھەم» و شانشینی ئوردن له پشتگیریی بهردهوامی عێراق و بە تایبەتی ههرێمی کوردستان دهربڕی و ئاماژهی به پێوهندیی مێژوویی ههردوولا کرد، ئامادهیی ههرێمی کوردستانیشی دهربڕی بۆ ئهوهی له ههموو بوارهکانی جێی بایهخی هاوبهشدا هاریکاری لهگهڵ ئوردن بکات و دووپاتی له گرنگی بهرهوپێشبردن و فراوانکردنی بوارهکانی هاریکاریی عێراق و ههرێمی کوردستان لهگهڵ ئوردن کردهوه.
بەرنگار بوونەوەی تەشەنای کۆرۆناو شوێنھاتە ئابوورییەکانیشی لەو تەوەرانەی دیکەی وتووێژی بارزانی و پاشای ئۆردۆن بوو.
جێگای ئاماژەیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پاش ئەو سەردانە کورتەی بۆ ئۆردۆن و دیدارووتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.