بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیاوە کارەبای چەند گوندێک پچڕا
شەوی رابردو لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیاوە بۆردومانی سێ گوندی بناری قەندیلیان لە سنوری شارۆچکەی وەرتێی سەر بەقەزای رواندز کرا و بەهۆیەوە هێڵی کارەبای گوندەکانی ئەو ناوچەیە پچڕا.
سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی وەرتێ بە میدیای خەندان-ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆردومانی بۆردومانی گوندەکانی زارگەلی، بۆکریسکان و لێوژە کردوە و بەهۆیەوە تەزوی کارەبای نیشتمانی پچڕاوە و گوندەکانی ئەو سنورە بێکارەبا بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی سوپای تورکیا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هێڵی کارەبای پچڕاندوە روبەرێکی فراوان پوش و پاوان سوتاوە.
لە 23ی نیسانی ئەمساڵەوە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بوونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکردوە و تاوەکوو ئێستا لەچەند ناوچەیەک شەڕو پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە لە چەند ناوچەیەک بەردەوامە، هاوکات هەزاران دۆنم زەوی پوش و دارستان سوتاون و هاوڵاتیانی دەیان گوندیش ماڵەکانیان بەجێهێشتوە.