دیداری ئایەتوڵڵا «ڕەییسی» لەگەڵ «نێچیرڤان بارزانی»
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و بە تایبەت ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەل و مەرجی دڵخوازدا مەودای زۆرە، وتی: دەبێ بە میکانیزمێکی دیاری کراو، ھەنگاوی پتەو لە ئاراستەی بەکارھێنانی تەواوی بارستایەکانی ئێستاو دابین کردنی تەناھی و ئاسودەیی زیتر بۆ خەڵکانی خۆمان ھەڵگرین.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی، ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ڕۆژی ھەینی لە دیدار لەگەڵ «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقی بە بناغەدارو ناخەکی لێک دایەوەو وتی: ئەمڕۆکە ھەل و مەرجێکی لەبار پێک ھاتووە ھەتا لە سەر بنەمای خاڵە ھاوبە مێژوویی و ڕۆشنبیرییەکان، پەیوەندی و ھاوکاری ھێزمەندترو بەربڵاوترمان لە بەشە جۆربەجۆرەکان و لە ئاراستەی گەشاندنەوەی ئابووری دا ھەبێت.
«ڕەییسی» وێڕای ئاماژە کردن بە گیان بەخت کردن و خەباتی شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» لە سەردەمی ھێرشی داعش بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان، وتی: «حاج قاسم» ئا لەو کاتەدا وەک ئەوەی شارێکی ئێران ھێرشی کراوەتە سەر ئامادەی گۆڕەپانەکە بووو بە ھاوکاریی ھێزەکانی عێراق ئاژاوەی داعشی دامرکاندەوە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە سەقام و ئاسایشتی ناوچەکە دەبێ بە ھۆی وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت،جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەو وڵاتانەی کە بە نیازی زاڵ بوون و پاوانخوازین و خووخدەی ئیستیکباری و خۆبەزل زانیان ھەیە، قەت لە ئاراستەی چارەسەر کردنی تەنگژەو گرفتەکانی ناوچەکە ھەنگاو ھەڵناگرن، بەڵکو بە ئاژاوەنانەوە گرفتی ناوچەکەش زیاتر دەکەن.
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لە دیدارەکەدا وێڕای پیرۆز کردنی ھەڵبژێردرانی ئایەتوڵڵا ڕەییسی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، وتیشی: بە ھیواین بە ھاتنەسەر کاری دەوڵەتی تازەی ئێران، پەیوەندییەکانی ئێستا لە تەواوی بوارەکاندا گەشە بستێنێ، چونکو بارستایی زۆر ھەیە بۆ پتەوکردنەوەو پەرە پێ دانی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە ئاستی پەیوەندیی ئابووری دا.
«نێچیرڤان بارزانی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ھەرێمی کوردستان پابەندی ئاسایشتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، وتیشی: لە تەواوی بوارەکاندا کە توشی گرفت دەھاتین بەردەوام ئێران لە تەنیشتماندا بووەو شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» ڕۆڵێکی زۆری لە دابین کردنی ئاسایشتی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە لە کاتی ھێرشەکانی داعش، لە ئێستادا خۆمان بە قەرزاری ئێران دەزانین و دڵنیا بن کە ھەرێمی کوردستان قەت ماوەی دروست بوونی ھیچ جۆرە ناھێمنیەک لە خاکی خۆیەوە دژی ئێران نادات.
جێگای ئاماژەیە لە دیدارەکەی «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» دکتۆر«ڕێواز فایق» سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار بوو.