«مەسرور بارزانی» بە بۆنەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکەی پیرۆزبایی لە «مستەفا کازمی» دەکات
«مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکەیەوە لەمەڕ بەرپا کردنی سەرکەوتووانەی ھەڵبژاردن لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی لە «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەتەلەفۆن قسەی کردوە و پیرۆزبایی لێکردوە، کە بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بردووەتە سەر.
بارزانی جەختی لەوەش کردوەتەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ «مستەفا کازمی» هەردولا هاوڕابوونە لە سەر گرنگیی لێکۆڵینەوە و بە دواداچون بە شێوەیەکی ڕون و شەفاف و لەکاتێکی دیاریکراودا، بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە کاتی پرۆسەی دەنگداندا ڕویان داوە.
وتووشیەتی: دڵنیام سەرۆک وەزیران، دەتوانێت ئەرکەکانی قۆناغی کاربەڕێکردن بە باشی بەڕێوە ببات و لەم ڕوەوە هاوکار و پشتیوانی دەبین".
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند: بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسێکی گەرمی هاوڵاتییانی هەرێمی کورستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەم بۆ بەشدارییان لەو پرۆسە دیموکراسییە و هەستکردنیان بە بەرپرسیاریێتی لە پرۆسەی سیاسیی و بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان، سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بەگشتی دەکەم کە ئەرکی خۆیان لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، بە باشترین شێوە بە جێگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا دوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردن، قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات، هیوادارم هەمو ئەو بەربژێرانەی متمانەی هاوڵاتییانی کوردستان بە دەست دەهێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەکدەنگی و پێکەوە، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کولتوری دیموکراسی و ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی و هاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدرالی لە عێراقدا.