سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوە بۆ ڕەوشتی سەردەمی شەڕ گرینگە
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک ڕایگەیاند: لە ئێستادا عێراق لە قۆناغی دوای شەڕدا بەسەر دەبات و دیارە بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوە بۆ ڕەوشتی سەردەمی شەڕ گەلێک گرینگە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی تشرینی دووھەم، «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕایگەیاند، ئاشتی و پاراستنی سەقامگیری، پێداویستیی هەرە لەپێشی ئێستە و داهاتووی ناوچەکەی ئێمەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: لە هەموو بوارەکاندا هەر وڵاتێک کە لە شەڕ ڕزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت، یەکەم، کۆتایی هێنان بە شەڕ و پاراستنی ئاشتی، دووھەم، بنیاتنانەوەی متمانە بە جۆرێک کە لایەنەکان بەرانبەر بە یەکتر نیازپاکی پێشان بدەن، سێھیەم، بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوە بۆ دۆخی شەڕ.
جەختی لەوەش کردەوە کە، دیارە عێراقی ئێستە لە قۆناغی دوای شەڕو جێگیرکردنی ئاشتیدایە، بۆیە هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتایی هێنان و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و هەوڵدانە بۆ پاراستنی ئاشتی، ئێمە لە عێراق لە قۆناغی یەکەمداین، واتە جەنگێکی نەخوازراومان دژی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی تەواو کرد و شتێک بە ناوی خەلافەتی ئیسلامیی داعش نەماوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو دیدارەدا باسی لەوەش کرد کە، بۆ چەسپاندنی ئاسایشت لە عێراقدا ئەرکێکی زۆر هەیە، بەتایبەتی چارەسەکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش لەم ناوچەیە ڕەخساندووە.
«نێچیرڤان بارزانی» لە کۆتایی وتارەکەی دا ڕایگەیاند: توانیمان لەسەر ئاستی ناوخۆ بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەسەر ئاستی ناوچەش بە یارمەتیی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەسەر ئەو ڕێکخراوەیەدا سەربکەوین، ئەم سەرکەوتنە پەیامێکمان پێ دەدات، ئەویش ئەوەیە کە سەقامگیرکردنی ئاسایشت پێویستی بە ھەوڵ و هاوکاریی هەمووان هەیە، لە چەسپاندنی ئاشتیشدا هەموومان سوودمەند و براوە دەبین.