مەکتەب سیاسیی یەکێتی: دەرگای گفتـوگۆمان بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوەیە
دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەب سیاسیی یەکێتی بەم شێوەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جارێکی تر تەئکید لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار و پەرۆش بۆ بەرژوەندییەکانی گەلەکەمان دەکاتەوە.
مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق کە دوێنێ سێشەممە بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان، کۆبووەوە، بە وردیی پرسەکانی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکرد. کۆبوونەوەکە، پەیوەست بەپێکهێنانی حکومەتی هەرێم، سووربوونی یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە. هەروەک، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی ناوەندیش، لەکۆبوونەوەکەی مەکتەب سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەکێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حکومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانیی پێکبهێنرێت کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات.