سەردەمی تازەلاوێتی ملیاردرە سەرکەوتووەکانی بواری تەکنۆلۆژیا چۆن بووە؟
ژیانی کەسانی سەرکەوتوو لە بواری جۆر بەجۆر تەنانەت لە سەردەمی منداڵی و تازەلاویشیان لەگەڵ کەسانی دیکە جیاواز بووە.
سەردەمی تازەلاوی یەکێک لە گرینگترین سەردەمانی ژیانی هەر مرۆڤێک دێتە ئەژمار. سەردەمی خۆناسین و ئامادە بوون بۆ چوونە نێو قۆناغێک کە داهاتوو لە سەر ئەوە بنچینەی دادەنرێ. چاوخشاندنێک بە سەر ژیانی مرۆڤە سەرکەوتوەکان لە درێژایی مێژوویش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆربەی ئەو کەسانەی سەردەمی تازەلاوییان جیاواز بووە لە کەسانی دیکە. بێ گومان هەڵسەنگاندنی تازەلاوانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو کەسانە کارێکی بەجێ و درووست نییە بەڵام ئاماژە کردنە چەن خاڵی بەرچاو لەو سەردەمەی ژیانی کەسانێکی وەک بیل گەیتس (دانەری کۆمپانیای مایکرۆسافت)، ستیڤ جابز (دانەری ئەپێڵ) کە ڕێبەرانی تەکنۆلۆژیای ئەم سەدەیان پێ دەڵێن، دەتوانێ یارمەتدەر بێ بۆ سەرکەوتنی تازەلاوان.
ئەو کەسانە ماوەیەکی زۆر تەنیا بوونە
زۆربەی ئەم کەسانە بەشێکی زۆر لە سەردەمی منداڵی و تازەلاوییان لە تەنیاییدا تێپەڕ بووە و ئەم پرۆسەیە ئێستاش هەر بەشێکی زۆر لە ژیانی ئێستایان دەگرێتەوە؛ گەلێک زۆرتر لەو شتەی کە کەسی دیکەی بۆی دەچن. ئەم مرۆڤە سەرکەوتانە بەتایبەت لە تەمەنی گەشە کردندا زۆربەی کات و ساتەکانیان بە تەنیایی تێپەڕ کردووە تا دەرفەتی زیاتریان هەبێ بۆ دۆزینەوە، فێر بوون، پەرەدان بە خەون و خەیاڵ و خولیاکانیان.
کتێب و کتێب خوێندن لە ژیانیاندا دەورێکی گەورە و سەرەکی گێڕاوە
ئەگەر دەتانهەوێ لە ژیاندا سەرکەتوو بن کتێب و وتاری زۆر بخوێننەوە. بەڵام ئەم کتێب خوێندنەوە تەنیا هەر بە کتێبی سادە و ساکاری وەک هەری پاتێر بەرتەسک نەبۆتەوە. بۆکرانەوەی مێشکتان هەوڵ بدەن دەقی دژوار هەڵبژێرن بۆ موتاڵا. بۆ وێنە ڕومانی جۆربەجۆر و ئەفسانە کۆنەکان بخوێننەوە. خۆتان بە ڕومانەکانی ئێرنێست هەمینگوەی، شانۆکانی شکسپییەر و... بەرتەسک مکەنەوە و لە دووی نووسەری دیکە و بە ستایلی نوێ بن. کەسانێکی وەک بیل گەیتس و ستیڤ جابز تاسە و خرۆشێکی زۆریان بووە بۆ کتێب و کتێب خوێندنەوە و فێر بوونی بابەتی نوێ. ئەم کەسانە هەمیشە بە کتێب و گۆڤاری بندەستیانەوە دەچوونە سەر وانەکانی خوێندن و زۆر جاریش هەر بە دزی مامۆستاناکانیانەوە لە سەر پۆلەکانی خوێندن ئەو کتێب و گۆڤارانەیان دەخوێندەوە کە خۆیان پێیان خۆش بوو.
ئەوان تەنانەت زۆر جار بە ڕێگادا کەوتن و بریندار بوونە ئەوەندە سەریان لە نێو کتێبدا بووە و ئاگایان لە خۆیان و دەوروبەریان نەبووە. باوک و دایکی ئەم کەسانە زۆر ئەم رستەیان بەکار هێناوە کە بەسە ئیتر ئەوەندە سەر مەکە نێو کتێبەوە، سەرت هەڵبێنە .
یاری و کایە کردنیشیان وەک منداڵانی دیکە نەبووە
لە تەمەنی منداڵیدا زۆربەی ئەم کەسانە کات و ساتێکی زیاتریان تەرخان داوە بە یاری کردن و ژمارێکی زۆر کەمیان بەرەو لای وەرزش لە یاریگە و جێم و ئەو جۆر جێگانە ڕۆشتوون. ئەوان لە جیاتی ئەوەی کاتی خۆیان لە جێگای خەو، حەوشەی ماڵەوە یان پارکی نزیکەی ماڵ بە فیڕۆ بدەن خۆیان بە تەنیایی دەستیان کردووە بە یاری کردن. ئەوان هێزی خەون و خەیاڵی خۆیان پەرە پێ دەدا. زۆر جار لە خەون و خەیاڵەکانیاندا پۆلیسی نهێنی بوونە، زۆرجار چوونەتە شەڕی ئیژدیا و زۆر جاریش سەربازەکانیان وەڕێخستووە بۆ شەڕێکی گەرە و هەندێ جاریش کار و کاسپییەکیان وەڕێ خستووە بۆ خۆیان.
تاقی کردنەوەی زۆریان ئەنجا داوە
زۆرتان پێ سەیر دەبێ ئەگەر ئەوە بزانن کە ئەم کەسانە چەندە کەرەستە و کەل و پەلیان ئاور تێبەرداوە و تەقاندۆتەوە، چەندە مێروو و مێروولەی بەسەزمانیان گرتووە و لێیان ورد بوونەتەوە، چەندە هێلانەی پەلەوریان ساز کردووە و ... تەنانەت دەتوانین بڵێێن ئەوان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان چەندین جار بە نەخوارزاو یان بە ئەنقەست خۆیان داوەتە بەر شۆکی ئیلێکتریکی.
چالاکیی داهێنەرانەیان بوە
زۆرێک لە کەسانی سەرکەوتوو لە بواری تەکنۆلۆژیا، بەشیکی زۆر لە سەردەمی منداڵی و گەورەساڵیان خەریکی کردەوە و جم و جۆڵی داهێنەران بوون. کورتەچیرۆک و شانۆیان نووسیوە، پەیکەرەیان ساز کردووە، نەخش و نیگاریان کێشاوە، شیعر و هەڵبەستیان هۆندۆتەوە، بەرنامەی کۆمپیتەرییان نوسیوە و....
تەنیا هەر بەکارهێنەر و ئیتر هیچ نەبوون
کتێب خوێندن، بینینی فیلمی خۆش، گوێچکەدان بە مۆسیقا و ... هەموو ڕێگایەکی باشن بۆ تێپەڕ کردنی ئەو کات و ساتانەی کە مرۆڤ سەرقاڵی ئیش و کار ویان وانە و خوێندنگە نییە، بەڵام راستییەکەی ئەوەی کە ئەوانە هەموو کردەوەی ئینفعالی و بە واتایەک مەسرەفی دێنە ئەژمار. لە کاتێکدا کە مرۆڤی سەرکەوتوو بەشێکی زۆر لە کات و ساتەکانیان تەرخان داوە بە ڕۆنان و بنیات نان. ئەوان هەوڵیان داوە دەسپێکەر و داهێنەری شتێک بن نە بەکارهێنەری ڕەها و ئەوەش خاڵێکی یەکجار گرینگە.
لەم سەردەمەدا باوک و دایک پێیان خۆش نییە منداڵانیان تەنیا بن، لە ماوە ٣٠ ساڵی رابردوویشدا هەوڵیکی زۆر دراوە بۆ هاندانی دایک و باوکەکان بۆ ئەوەی کات و ساتێکی زیاتر تەرخان بدەن بە ڕابواردن لەگەڵ منداڵەکانیان. باک و دایکەکان پێیان خۆشە منداڵانیان بەرەو لای پۆلی وەرزشی و یاریگە و هەروەها فێرگەکانی هونەری و ئەو شتانە بڕۆن. ئەم کارە هەرچەن خاڵی ئەرێنی و باشی زۆرە یەک ئەنجامی گرینگ و تا ڕادەیەک نالەباریشی هەیە و ئەوەش ئەوەیە کە منداڵان ئیتر وەک رابردوو دەرفەتێکیان نامێنێ بۆ بەتەنیا بوون و خەڵوەت کردن لەگەڵ خۆیان. تەنانەت ئەو کاتەیش کە بەتەنیان ئامرازی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و موبایل و کورتەنامە و ئەو شتانەیان لە بەردەستدایە کە ئەوان پەیوەست دەکات بە گرووپی گەورەترەوە. ئامانج لێرەدا هەڵسەنگاندنی سەردەمی تازەلاوی کەسانێکی وەک "ستیڤ جابز" و "بیل گەیتس" نییە بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکرێ کە بە پێی باروودۆخ و ڕەوشی ژیانی تازەلاوانی ئەمڕۆ، باشترین ڕێکار بگیردرێتە بەر و باشترین ڕێگا بخرێتە بەر پێی تازەلاوان بۆ ئەوەی بتوانن باشترین کەڵک لە ساڵانی تازەلاویان وەرگرن و بنچینەی داهاتوویەکی باش بۆ خۆیان دابنێن.