ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 2025/03/07/ نەیارانی جۆلانی کۆنترۆڵی فڕگەی"ستامۆ"یان گرتەدەست
کاتی بڵاوبوونەوە: 13:30
01
نەیارانی جۆلانی کۆنترۆڵی فڕگەی"ستامۆ"یان گرتەدەست
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، نەیارانی حکومەتی کاتیی سوریا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی سەربازیی ستامۆیان لە لازقیە هەڵکەوتوو لە رۆژاوای ئەو وڵاتە، گرتۆتەدەست.
02
ئەگەری کوژرانی کوڕی وەزیری بەرگریی جۆلانی
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کوڕی وەزیری بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریا لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی قورسی نێوان هێزەکانی جۆلانی لەگەڵ هێزی جەماوەری لە پارێزگەکانی لازقیەو تەرتوس لە رۆژاوای ئەو وڵاتە، کوژرابێ.
03
حاڵەتی ئامادەباشیی لە سنورەکانی عێراق و سوریا
هەواڵگریی سوپای عێراق لەبەر ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی سوریا کە هەروا بەردەوامە، لە سنورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا، ئامادەباشیی ڕاگەیاند.
04
درێژەی شەڕ و پێکدادان لە نابلۆس
شەڕ و پێکدادان لەنێوان لاوانی فەلەستینی و هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی زایۆنی لە هێرش بۆسەر گۆڕستانی رۆژهەڵاتیی شاری نابلۆس هەروا بەردەوامە. شەوی ڕابردووش، هێزەکانی رژیمی زایۆنی هێرشیان کردەسەر مزگەوتی "نەسر" لە "البلدە القدیمە"ی نابلۆس و بەشگەلێکیان سوتاند.
05
کۆبوونەوەی بێ ئەنجامی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان
دوێنێ کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
06
مێتسۆلا: ئۆکراین بۆ ئوروپا شەڕ دەکا
سەرۆکی پەرلەمانی ئوروپا وتی: ئوکراین بۆ ئوروپا شەڕ دەکا، بۆیە پێویستە ئوروپا هاوهەڵوێست بێ لەگەڵ ئەوانەی وا بۆ بەهاکانمان شەڕ دەکەن.
07
تەقینەوەی کەشتی ئاسمانیی ستارشیپ بۆ دووەم جاری بەدوای یەکدا
کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپی کۆمپانیای سپەیس ئیکس لە هەشتەمین گەشتی تاقیکردنەوەیی خۆیداو بۆ دووەم جاری بەدوای یەکدا لە بۆشایی ئاسمان تەقییەوەو بووە هۆی کێشە بۆ هاتووچۆی ئاسمانی لە ئەیالەتی فلۆریدای ئەمریکا.