ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 20-05-2025/ پەلاماری دڕندانەی زایۆنییەکان بۆ سەر ئۆردوگای غەززە
کاتی بڵاوبوونەوە: 11:30
1
پەلاماری دڕندانەی زایۆنییەکان بۆ سەر ئۆردوگای غەززە
شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی زیاتر لە دە جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززەیان بۆردومان کرد. لە بۆردومانی گەڕەکی ئەدەرەج لە ڕۆژهەڵاتی غەززە، خوێندنگەی موسا بن نەسیر، کە ببووە پەناگەی ئاوارەکان، ئاوری تێبەربوو و زیاتر لە ١٢ کەس شەهید بوون.
2
یەمەن: بەندەری حەیفا ئامانجی سەربازیمان دەمێنێتەوە
سەرتیپ یەحیا سەریع، وتەبێژی سوپای یەمەن، لە بەرنامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەندەری حەیفا ئیتر بەندەرێکی ئەمن نییە و تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر غەززە نەوەستێندراوە و گەمارۆی لەسەر هەڵنەگیراوە، ئەم بەندەرە هەر لە لیستی ئامانجە سەربازییەکانی یەمەندا دەمێنێتەوە."
3
ئێران ئامادەیە ئەزموونە ئەتۆمییەکانی بخاتە بەردەستی عێراق
سەرۆک کۆماری ئێران لە دیداری جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقدا پێی داگرت لەسەر ئامادەیی ئێران بۆ ئەوەی ئەزموون و دەسکەوتەکانی خۆی لە بواری جۆربەجۆر، لەوانە لە بواری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیدا، بخاتە بەردەستی وڵاتانی ئیسلامی و دراوسێ.
4
یەکێتی و پارتی بە دوو لیستی جیاوازەوە پێدەنێنە هەڵبژاردنەکانی عێراق
لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی نۆڤەمبەر، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەک لیست بەشداری ناکەن و هەرکامەیان لیستی جیایان هەیە.
5
جۆلانی ڕازییە بە پێوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی
ڕۆژنامەیەکی عیبری ڕاپۆرتی داوە کە سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا لە دانوستانی نهێنی نێوان سوریا و ڕژێمی زایۆنیدا ڕازی بووە بە ڕێککەوتنی بەرایی سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.