سەرکردەکانی داعش خەریکن لە ڕەققەوە بەرەو دێرەزوور هەڵدێن
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند؛ سەرکردەکانی گرووپی ڕەشەکوژی داعش هاوکات لەگەڵ گەمارۆی ئەو شارە ستراتژیکییە ، خەریکن هەڵدێن.
بەپێی راپۆری ئەمڕۆ هەینیی ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، رۆژنامەی ئەلوەتەنی عەرەبستان نووسی: هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی شەڕڤانانی کوردی سووریا، سەرکردەکانی گرووپی ڕەشەکوژی داعش خەریکی هەڵاتن لە ڕەققە لەباکووری سووریا بەرەو دێرەزوور لەڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەن.
ئێستا، هێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا لەحاڵی پێشڕەویی لەشاری ڕەققەو ڕاوەدوونانی دەست و پێوەندەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشن.
لەهەمان کاتدا، ڕووسیا ڕایگەیاندووە، بێتوو هێزەکانی سوپای سووریا بیانەوێ شاری دێرەزوور لەچنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن، لەڕێی ئاسمانەوە پاڵپشتیان لێ دەکات.
شاری ڕەققە وەک ناوەندی سەرەکیی تیرۆریستانی داعش لە سووریا لەگەمارۆدایەو حکومەتی ئەمریکا لەسای هاوپەیمانیی بەناو دژەداعش، تیرۆریستان لە بارودۆخی ئێستا لە ڕەققە ڕزگار دەکات.