خەباتی ژنانی چەکداری کوردی ئێزدی ئێراق دژ بە داعش لە ڕەقەی سووریا
ژنانی چەکداری ئێزدی ئێراقی لە ڕەقەی هەڵکەوتوو لە باکووری سورویادا، شان بە شانی کوردەکانی ئەم وڵاتە دژ بە تیرۆریستانی داعش شەڕ دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران، هێزە چەکدارەکانی کوردی ئێزدی ئێراقی خۆیان گەیاندۆتە ڕەقە لە باکووری سورویا بۆ ئەوەی دژ بە گرووپی تیرۆریستیی داعش لەم شارەدا شەڕبکەن و تۆڵەی ئەو ژن و کچە ئێزدییانەیان لێ بستێننەوە کە سەردەمێک هەر لەم شارەدا لە لایەن داعشەوە وەکوو کۆیلە دەفرۆشران.
کاتێک کە گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستی گرت بە سەر موسڵ و ناوچەکانی دەڤەری ئەم شارە، هەزاران ژن و کچی ئێزدیی بە دیل گرت و پاشان وەک کۆیلە لە شاری ڕەقەی سووریادا دەیفرۆشتن.
یەکێک لەو ژنە ئێزدییانەی کە خۆی گەیاندۆتە ڕەقە، پێیی داگرتووە کە بۆ تۆڵە کردنەوە لە داعش هاتووە بۆ ڕەقەی سووریا.
ئەم ژنە ئێزدییە دەڵێ: سێ ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش ژنان و کچانی ئێزدییان لە ئێراق دەڕفاند و لە بازاڕی ڕەقەدا دەیانفرۆشتن، ئەوان هەڵس و کەوتی زۆر نامرۆڤانە و بەدوور لە ئەخلاقیان لەگەڵ ژنانی ئێزدی دەکرد.
ئەم ژنە شەڕڤانە ئێزدییە ڕایگەیاند: کچانی گەنچی ئێزدی وەکوو کۆیلە لە ڕەقەدا دەفرۆشران و لە نێوان تیرۆریستانی داعشدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەساودەس دەکران و ئێستایش هەر ٣٠٠٠ کەسیان لە دەستی داعشدان.