سووریا : وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر تیرۆریزم سەرمایە دادەنێن
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i302088-سووریا_وڵاتانی_ڕۆژئاوا_لە_سەر_تیرۆریزم_سەرمایە_دادەنێن
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا پێی داگرت: وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگژ تیرۆریزم دا ناچنەوە، بەڵکو سەرمایەی لە سەر دادەنێن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 30, 2017 07:36 Asia/Tehran
  • سووریا : وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر تیرۆریزم سەرمایە دادەنێن

جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا پێی داگرت: وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگژ تیرۆریزم دا ناچنەوە، بەڵکو سەرمایەی لە سەر دادەنێن.

فەیسەڵ میقداد ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی سپۆتنیکی ڕووسیا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە هەر لە سەرەتای دەستپێ بوونی قەیرانی سووریاوە، دیمەشق دوو ڕێبازی خەباتی دژی تیرۆریزم و چارەسەریی سیاسیانە لە ڕێگای بەشداری کردن لە دانوستانەکانی نێوماڵی سووریای گرتووەتە بەر، ڕایگەیاند: لە ڕێبازی خەباتی دژی تیرۆریزم ، دیمەشق بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی توانی تیرۆریستان پاشەکشێ پێ بکات، کەچی لە ڕێبازی دووهەم دا وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێیان گرت لە بەئەنجام گەییشتنی دانوستانەکانی ئاشتی لەوانە لە ژێنێڤ دا.

جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا ئاماژەی کردە ڕووداوی خان شەیخونی ئەم وڵاتەش و وتی: دیمەشق گەلێک جار داوای لێکۆڵینەوە لە لایەن لێژنەکانی پسپۆڕیی کردووە لەم بوارەدا، کەچی ئەمریکا لەگەڵ ئەم داخوازییەدا دژایەتیی کردووە.

لە هێرشی کیمیایی گومان لێکراوی ڕۆژی سێ شەممە چوارەمی ئاپریل بۆ سەر ناوچەی خان شەیخون لە باشووری ئەدلەبی سووریا پتر لە سەد کەس کوژران و نزیکەی چوارسەد کەسیش بریندار بوون.

دوای ڕووداوە گومان لێکراوەکەی خان شەیخون تەوەرەی ڕۆژئاوایی_ عەرەبیی لایەنگری تیرۆریستان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هەوڵێکی فراوانیان دا هەتا ئەو هێرشە ئۆباڵی گردنی دەوڵەتی سووریا بکەن، ئەمەش هەر ئەو بوختانەیە کە دەوڵەتی سووریا بەردەوام و لێبڕاوانە ڕەتی کردووەتەوە.

ئەم هێرشە گومان لێکراوە هەروەها بوو بە بیانوویەک بۆ ئەمریکا هەتا لە ڕۆژی هەینی حەوتەمی ئاپریل بنکەی ئاسمانیی شەعیرات لە پارێزگای حومسی سووریا کە سەرەکی ترین بنکەی خەباتی دژی تیرۆریستانی داعش و بەرەی نوسرە لە ناوچەکەدا دێتە ئەژمار بداتە بەر پەلاماری 59 موشەکی کروز.

گەلێک لە کارناسان تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی سووریا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی بە هەوڵدانێک لە ئاراستەی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و بەراوەژوو پیشاندانی ڕاستییەکان هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا لە بەرامبەر تیرۆریستان لێک دەدەنەوە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە دەستی پێ کراوە.