سووریا بۆ ڕێکخراوی نەتەوەکان: هاوپەیمانی ئەمریکی هەڵوەشێندرێ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوەکان، خوازیاری هەڵوەشانەوەی خێرای هاوپەیمانی نایاسایی ئەمریکی دژ بەداعش و کۆتایی هاتنی تاوانکارییەکانی لەدژ گەلی ئەو وڵاتە بوو.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەیەک دا بۆ سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان پێی داگرت: سووریا جارێکی دیکە تاوانکارییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی کە نموونەی ئاشکرای تاوانی جەنگی و دژە مرۆییەو بەهیچ بیانوویەک پاسا نادرێتەوە، شەرمەزار دەکات.
لەو نامەیەدا هاتووە: بۆمبارانی گەڕەکە ئاوەدانەکان، وێران کردنی نەخۆشخانەی شاری ڕەققەو دەکارگرتنی فۆسفۆری سپی لەلایەن هاوپەیمانی ئەمریکی دژە داعش، پێشێلکرانی ئاشکرای یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و لاپەڕەیەکی نوێی تاوانکارییەکانی ئەو هاوپەیمانییە بەرامبەر بە خەڵکانی سیڤیلی سووری لە پارێزگاکانی ڕەققە، حەسەکە ، حەڵەب و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکەی سووریایە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان کرد، ئەرک و بەرپرسایەتییەکەیان جێ بەجی بکەن لەمەڕ پاراستنی ئاسایش و سەقامی جیهانی و ناچارکردنی وڵاتان بە جێ بەجێ کردنی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەتایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکی دژەداعش رۆژی شەممە لەتاوانێکی دیکەدا گەڕەکە ئاوەدانەکان وماڵ و نیشتنگەی شارومەندانی دانیشتووی شاری ڕەققەیان بە مووشەکی دوورەبەرزەفت، کردە ئامانج و لەو پەلامارەدا، ٤٣ ژن و منداڵی سووری دانیشتووی ڕەققە، باکووری سووریا، کوژران و بریندار بوون.