دەرفەتی سێ ڕۆژەی سوپای سووریا بە تیرۆریستان لە حومس
سوپای سووریا دەرفەتێکی سێ ڕۆژەی داوە بە تیرۆریستانی سەقامگیر لە باکووری پارێزگای حومس تا پێش دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپا، یان خۆیان بدەنە دەستەوە و یان ئەوەی کە ناوچەکە بەجێ بێڵن.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ کەناڵی هەواڵیی ئەلئەخبارییەی سووریا؛ ئێوارەی دوێشەو ڕایگەیاند کە سوپای سووریا دەرفەتێکی سێ ڕۆژەی داوە بە تیرۆریستانی سەقامگیر لە باکووری پارێزگای حومس تا پێش دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپا، ئەگەر نایانهەوێ خۆیان رادەست کەن و بێنە نێو پرۆسەی ئاشتی نیشتمانییەوە ، خۆیان بگەیەننە پارێزگای "ئەدلیب" و یان شاری "جرابلۆس" لە پارێزگای "حەلەب".
هەروەها ژەنەراڵ "یوری یوتوشێنکۆ" بەڕێوەبەری ناوەندیی ڕووسیی چاوەدێر بە سەر ڕەوتی ئاشتیی نیشتمانیی لە سووریا ڕایگەیاند کە دوو کەس لە پارێزگای حومس بە دەستی تیرۆریستان کوژراون و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. ناوبراو وتیشی: ئەو تیرۆریستانە دیسان دەستیان کردۆتە تەقاندنی گولە هاوەن بەرەو ناوچە ئاوەدانەکانی شاری حومس لە باشووری شارۆچکەی "تەلبیسە".
کاروانی گەورەی هێزە تایبەتەکانی سوپای سووریا لە دوو ڕۆژ لەمەوبەوە بە مەبەستی پاکتاو کردنی پارێزگای حومس لە بوونی تیرۆریستان ، بەرەو ئەم ناوچەیە وەڕێ کەوتوون. لە چەن ڕۆژی رابردوویشدا ناوچەکانی باکووری پارێزگای حومس و باشووری پارێزگای "حەماه" گۆرەپانی دانوستانی ڕووسیا و سووریا لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان بوون لە سەر ئەوەی ئەم ناوچانە رادەستی سوپای سووریا بکرێ کە ئەو دانوستانانە هیچ ئەنجامێکیان نەبوو و بەرەوڕووی شکست بوونەوە.
هەواڵی دیکەیش ئەوەیە کە ژمارێک ئامبوڵانس بۆ گواستنەوەی کەسانی نەخۆش گەیشتوونەتە شارەکانی «فوعه» و «کەفەریا» و بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانەیش کە دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی ئەم دوو شارە، تەگبیر و ئیمکاناتی پێویست لە نزیکی بوارگەی «العیس» لەبەرچاو گیراوە.
بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان دەوڵەتی سووریا و گرووپە تیرۆریستییەکان کرا، بڕیار درا کە لە بری چوونەدەری تیرۆریستان و بنەماڵەکانیان لە ئۆردوگای "یەرمووک" لە باشووری "دیمەشق"، خەڵکی شارە شیعەنشینەکانی «فوعه» و «کەفەریا» لەم دوو شارە بگوازرێنەوە بۆ دەرەوە.
شەوی ڕابردوو (دووشەممە) پێنج پاسی هەڵگری ٢٠٠ تیرۆریست هاوڕێ لەگەڵ بنەمالەکانیان لە ئۆردوگای یەرمووک چوونەدەرەوە و بەرەو ئەدلیب وەڕێ کەوتن.