نەیارەتیی ڕێبەرانی هۆزو تیرە سووریایەکان دژبە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان
زیاتر لە ٧٠ هۆزو تیرەی سووریایی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک لە ناوچەی «دیرحافر»ی هەڵکەوتوو لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حەڵەبی (باکووری سووریا) ڕایانگەیاند کە یەکینەی خۆڕاگریی هۆزەکانی دژبە داگیرکەرانی بیانی لە وڵاتەکەیان پێک دێنن.
ڕێبەرانی هۆز و عەشیرەتەکانی سووریا شەوی سێشەممە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم هەموو هێزێکی بیانیان لە سووریا بە دەسدرێژکار و داگیرکەر زانی و جەختیان کرد لە سەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانە وەکوو ئەولەوییەتێک.
"موفق ذکری" یەکێک لەو سەرۆک هۆزانەی پارێزگای حەماه لە "مەسیاف" بە پێداگری لە سەر پێبەندیی بە دەوڵەتی یاسایی و جەماوەریی "بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سووریا و ئەمەگەدار بوونی بە وڵاتەکەی وتی: هۆز و عەشیرەتەکان نەیاری مانەوەی هەرچەشنە هێزێکی بیانی لەوان ئەمریکا یان تورکیا بە بێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی دیمەشقن کە بۆ شەڕی شان بە شانی تیرۆریستان هاتوونەتە نێو سووریا و ئێمە خوازیاری چوونەدەری هەموو دەسدرێژارکان لە وڵاتەکەمانین.
لە لایەکی دیکەوە "خلیل عزبه الخلف" سەر بە هۆزی "الموخابور" لە دەیروزور بە هاودەنگی دەربڕین لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق و داکۆکی لە بەشار ئەسەد ، جەختی کرد لە سەر پێویستیی خۆڕاگری لە تەنیشت هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە بەرامبەر بە دوژمنان.
ناوبراو هەروەها ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانان و دۆستانی سووریا بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و حیزبوڵڵای لوبنان.
هەروەها شێخ " صلاح الشیخ احمد" سەر بە هۆزی "بەنی جەمیل"ـیش راشکاوانە رایەیاند: هەموو هۆز و عەشیرەتەکانی سووریا لە ژێر ئاڵای ئەم وڵاتە بە ڕێبەرایەتیی "بەشار ئەسەد" شان بە شانی هێزەکانی سوپای سووریا دژ بە داگیرکەرانی ئەمریکا، تورکیا و فەرەنسا خۆڕاگری دەکەن.
شێخی هۆزی "الجنان" یش بە ئاماژە بە یەکێتی و یەکدەنگیی خەڵکی سووریا دژ بە هەرچەشنە دەسدرێژیی ئەمریکا یان تورکیا بۆسەر سوپای سووریا رایگەیاند: هۆز و عەشیرەتەکانی سووریا کە ڕیشەیان لە خاکی ئەم وڵاتەدایە، بۆ داکۆکی لە "بەشار ئەسەد" و شان بە شانی دەوڵەتی دیمەشق بەرامبەر بە هەموو هێزەکانی داگیرکەر و ئیستیعمارگەر شەڕ دەکەن.