پووچەڵ بوونەوەی پەلاماری بەرەی نوسرە بۆسەر باکووری لازقییەی سووریا
سوپای سووریا پەلاماری گرووپی تیرۆریستیی بەرەی نوسرە بۆسەر یەکێک لە ناوەندەکانی سەربە سوپای سووریا لەباکووری لازقییەی بێ ئاکام کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی "ئەلعەهد"ی لوبنان، فەرماندەیەکی مەیدانیی سووری پێی داگرت: هێزە چەکدارەکانی سەربە گرووپی تیرۆریستیی بەرەی نوسرە لە کاژێرە بەراییەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی سوپا لە شارۆچکەی "الصراف" لە باکووری لازقییە(باکووری رۆژاوای سووریا) و لەسنوور لەگەڵ تورکیا ، کە لەگەڵ خۆڕاگریی هێزە حکومەتییەکان بەرەوڕوو بووەوە.
ئەو فەرماندە مەیدانییە کە ناوەکەی ڕانەگەیێندراوە، وتی: تیرۆریستان بۆ چەندین کاژێر، ئەو ناوەندەیان داگیرکرد، بەڵام سوپای سووریا لەگەڵ هێرشبەران تێکهەڵچوو و ژمارێک لەوانی کوشت و چەند کەسی دیکەی بریندار کرد.
لەهەواڵێکی دیکەدا، کوردەکانی سووریا لەباکووری ئەو وڵاتە، ئامادەیی خۆیان بۆ گۆڕینەوەی یەخسیرانی داعش، لەگەڵ ژنانی ڕفێندراوی کورد لە پارێزگای سوەیدا(باشووری سووریا) ڕاگەیاند.
ئەو گرووپە تیرۆریستییە حەوتەی ڕابردوو وێنەی چواردە ژنی ڕفێندراو لە پارێزگای سوەیدای بڵاوکردەوەو پاشانیش چەند هەواڵێک لەبارەی ڕفێندرانی ١٧ ژن و منداڵ لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی پارێزگا ڕاگەیێندرا.
گرووپی تیرۆریستیی داعش مانگی رابردووی زایینی بەهێرش بۆسەر ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکان و باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سوەیدا لەباشووری سووریا زیاتر لە٢٣٠شارومەندیان کوشت و دەیان کەسی دیکەیان بریندار کرد.