ڕاوێژی وەزیرانی بەرەڤانیی ئێران و سووریا
وەزیری بەرەڤانیی ئێران لە دیدار لەگەڵ وەزیری بەرەڤانیی سووریا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی سەروەریی سووریا لە ھیچ جۆرە ھەوڵدانێک خەمساردی نانوێنێ، چونکو ئاسایشت لەم وڵاتەدا یارمەتیی سەقام و پاوەجێیی ناوچەکە دەدات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەمیری سەرتیپ«ئەمیر حاتەمی» وەزیری بەرەڤانیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیدار لەگەڵ «عەلی ئەیوب» وەزیری بەرەڤانیی سووریا لە دیمەشق وتیشی: ڕزگار کردنی سەرزەوینەکانی سووریا لە بوونی تیرۆریزم دەبێتە ھۆی چەسپێندرانی ئاسایشت لە ناوچەکەدا و ھیچ بیانوویەک بۆ خۆ تێ ھەڵقورتاندنی بیانیەکان ناھێڵێتەوە.
سەرتیپ«ئەمیر حاتەمی» وەزیری بەرەڤانیی ئێران وتیشی: وڵاتانی واوەناوچەیی بە نیازی تەشەنە پێدانی دووبەرەکی و ناپاوەجێیین لە سووریاو کۆماری ئیسلامی بۆ چەسپاندنی سەقام لەم وڵاتەدا لە ھیچ جۆرە ھەوڵدانێک خەمساردی نانوێنێ .
«عەلی ئەیوب» وەزیری بەرەڤانیی سووریاش وێڕای وەبیر ھێنانەوەی ئەمەی کە ئەگەر ھاریکاریی دۆستە ئێرانییەکانمان نەبایە سووریا بە تەنیا نەیدەتوانی لە خەباتی دژی تیرۆریزم سەرکەوتوو بێت، وتیشی: پەیوەندیی دوو قۆڵیەکانی نێوان سووریاو ئێران بە شێوەیەکی چڕکراوو بەربڵاو ھەروا بەردەوامەو ھەردووک وڵات کەڵک لە ئەزمونەکانی یەکتر وەردەگرن.
«عەلی ئەیوب» وەزیری بەرەڤانیی سووریا پێشی داگرت: ئەو سەرکەوتنانەی لە سووریا مسۆگەر کراون بووەتە ھۆی پەرۆشیی دوژمنان لە سەرەوەی ھەموویانەوە ئەمریکاو ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەدا.
ئەمیری سەرتیپ«ئەمیر حاتەمی» وەزیری بەرەڤانیی ئێران بۆ ئەنجام دانی گەشتێکی دوو ڕۆژە ، ڕۆژی یەکشەممە گەییشتە دیمەشقی پێتەختی سووریا و لە لایەن کاربەدەستانی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەم وڵاتە، نوێنەری سەربازی و باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریادا پێشوازیی لێ کرا.
وەزیری بەرەڤانیی ئێران بڕیارە چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریاش بکەوێت و وتووێژی لەگەڵدا بکات.