تشرینی یه‌که‌م 08, 2019 14:28 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی پێنتاگۆن بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا

وەزارەی بەرەڤانیی ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاند کە واشینگتۆن ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە سووریا پشت ڕاست ناکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرەنسا؛ وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا "پێنتاگۆن" ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا دوابەدوای ئەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڕەشەی لە ئانکارا کرد، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە سووریا لە لایەن ئەمریکاوە پشت ڕاست ناکرێتەوە .

پنتاگۆن هەروەها رایگەیاند کە چوونەدەری هێزی سەربازیی ئەمریکایی لە سووریا تەنیا بەشێکی چکۆلە لەو هێزانە لە سنووری تورکیا دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی تویتەریدا هەڕەشەی کردووە کە بێتوو تورکیا لە سووریادا هەنگاوێک هەڵگرێ کە لە هێڵە سوورەکانی دڵخوازی ئەو تێپەڕێت، ئەو کات ئابووریی ئانکارا بە تەواوەتی تیا دەبات.

شایانی باسە کە وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بە بیانووی ئەوەی کە بۆ پاراستنی پاوەجێی ناوچەکە دەبێ ناوچەیەکی هێور و بوارگەی ئاشتی لە باکووری سووریا پێک بێت، رایگەیاندووە: هەنگاوە بەراییەکان بۆ بەڕێوە بردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵگیراوە.

راگەیەندرانی ئامادەیی سوپای تورکیا بۆ پەلاماردانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە کاتێکدایە کە وێڕای وشدارە نێودەوڵەتییەکان، ژیدەرە سوورییەکان شەوی سێشەممە ڕایانگەیاند کە هێزەکانی سوپای تورکیا هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەی  "تل الطویل" لە سنوری باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەرسنووریی "حەسەکە".