٥٤ شارومەندی سووری لە دیلی تاقمی تیرۆریستی داعش ڕزگار بوون
تاقمی تیرۆریستی داعش ٥٤ کەس لە شارومەندانی سوورییان کە لە گردوپەڕی «حەماە» ڕفاند بوو، ئازاد کرد، بەڵام ھێشتاش چارەنووسی شەش کەسی دیکەیان ڕوون نییە.
٦٠ کەس لە بیاواننشینەکانی گردوپەڕی «سەلمیە» کە ماوەیەک لەمەو پێش بۆ کۆکردنەوەی ڕووەکی دەگمەن بەڵام بە بایەخی «ترافل» چوو بوونە بیاوانەکانی گردوپەڕی «حەماە» لە ناوەڕاستی سووریا، لە لایەن تیرۆریستانی داعش بەدیل گیران.
ھێندێک لە سەرچاوەکانی گوندی «ئەلسیعن» وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئازاد کرانی ٥٤ کەس لەو بەدیل گیراوانە، ڕایانگەیاندووە ھێشتا لە بارەی چارەنووسی شەش کەس لەو ڕفێندراوانە ھیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە.
تیرۆریستانی داعش لە کاتی پەلاماردانی ئەم تاقمە، ماتۆڕەکانیان دزی بوون و موبایلەکانیشیان لەنێو بردن. ئەم ھێرشە ببووە ھۆی کوژرانی لاوێک بە ناوی «ئەیمەن عەبزو» و بریندار بوونی سێ کەسی دیکە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە تاقمی تیرۆریستی داعش دوێنێش لە نزیکی بەنداوی «تویزین» لە ناوچەی «عەقیرات» ھەڵیانکوتایە سەر دەستەیەک لە دانیشتووانی گردوپەڕی ڕۆژھەڵاتی «سەلمیە».
ئەم ناوچەیە گەلێک جار ھێرشی چەکدارنی تیرۆریستی داعشی بە خۆیەوە بینیوە کە پشتیان بەو یارمەتییانە گەرمە کە لە ناوچەی «ئەلتەنەف»ی ژێر ڕکێفی ئەمریکییەکان بۆیان ڕەوانە دەکرێت.