May 26, 2021 14:23 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد: گەلی سووریا لە بەرامبەر تیرۆریزم دا یەکگرتووە

«بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا و «ئەسما»ی ھاوسەری ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادە بوون لە بەر دەم سندوقی دەنگدان لە شاری «دوما» ھەڵکەوتوو لە گردوپەڕی دیمەشق» دەنگی خۆیان خستەنێو سندوقەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا»، «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا دوای ئەوەی کە دەنگی خۆی خستە نێو سندوقەوە، ڕایگەیاند:  گەلی سووریا لە بەرامبەر تیرۆریزم دا یەکگرتووەو سووریا گوێ ناداتە ئەوەی وا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بارەی ھەڵبژاردنەوە دەیڵێن و ڕاوبۆچوونیان ھیچ بایەخێکی نییە.

«ئەسەد» وتیشی: لە خەڵکی «دوما» لە بەر ڕزگار بوونیان لە چنگی تیرۆریزم و گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتیمان پیرۆزبایی دەکەم. تیرۆریستان ھەوڵیان دا لە ڕەوتی داگیرکردنی «دوما» سیمای ئەم شارە بخەوشێنن، بەڵام زۆربەی دانیشتووانەکەی لەگەڵ دەوڵەت دا پەیوەندییان ھەبوو. خەڵکی «دوما»و ناوچەی «غوتە» لە پاڵ سوپای سووریا بەشەڕ ھاتن و چ لە نێو سوپاو چ لە نێو ھێزە پاڵشتەکان شەھیدیان دا.

سەرۆک کۆماری سووریا وتیشی: سەردانم بۆ «دوما»و بەشداریم لە ھەڵبژاردن لێرەدا جەخت کردنێکە لە سەر ئەمەی کە لە سووریادا ھیچ ناوچەیەک دژی ناوچەیەکی دیکە یان ھۆزێک دژی ھۆزێکی دیکە نییە.

«بەشار ئەسەد» وێڕای بە ئارادو سەربەخۆ زانینی بڕیاری شارومەندانی سووری وتیشی:  بزوتنەوەو چالاکیی خەڵک لە میانەی ھەڵبژاردن دا بۆ وەڵام دانەوەی قسەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بارەی ئەم ھەڵبژاردنەوە بەس بوو، ئەوەی لە سووریادا ڕووی دا شەڕێکی نێوخۆیی نییە وەک ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات.

ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی سووریا لە کاتژمێر حەوتی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی خۆجێیی لە تەواوی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە دەستی پێکرا. جەماوەری سووریا چوونەتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ھەتا سەرۆک کۆماری داھاتووی خۆیان لەنێوان ھەر سێ پاڵێوراوەکە ھەڵبژێرن.

«بەشار ئەسەد»، «عەبدوڵڵا سەلوم»و «مەحمود ئەحمەد مەرعی» لەم ھەڵبژاردنەدا پێکەوە ڕکابەرایەتی دەکەن.

سەرپەیڤ