لە خۆپیشاندانی خەڵکی سووریا دژی چەکدارانی سەڕبە ئەمریکا پێنج کەس کوژران
سەرچاوە سوورییەکان باسی خۆپیشاندانی خەڵکی شاری «منبەج» لە باکووری سووریایان کردووە بۆ ئیدانەکردنی ھەنگاوی میلیشیاکانی ناسراو بە ھێزەکانی سووریای دیموکرات.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمی سووریا(سانا)، خەڵکی شاری منبەج دژی ھەنگاوی میلیشیاکانی ھەسەدە سەربە ئەمریکا دەستیان دایە خۆپیشاندان کە ئەم ھەنگاوە بووەتە ھۆی پێکدادان لەگەڵ ھێزەکانی سەربە ئەمریکا.
ئەم خۆپیشاندانە بۆ ئیدانەکردنی کردەوەکانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات لەمەڕ ڕاکێشانی بە زۆرەملێی چەکدار لە نێو خەڵکی شاری منبەج ئەنجامی گرتووە کە لە ئەنجام دا چەکدارانی «ھەسەدە» بە تەقە کردن بەرەو خەڵک ھەوڵیاندا خۆپیشاندانەکە بڵاوە پێ بکەن.
لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی سانادا ژمارەی قوربانیانی ئەم خۆپیشاندانە کوژراوێک و سێ بریندار ڕاگەیەندرا بوو، کەچی «خالید سکیف» پەیامنێری تەلەفزیۆنی مەیادین وای بڵاو کردووەتەوە کە لە تەقەکردنی چەکدارانی ھەسەدە پێنج کەس کوژراون و نزیکەی ١٥ کەسیش بریندار بوونە.