سووریا: ھەوڵی تورکیا بۆ پێکھێنانی ناوچەی ھێمن ھەنگاوێکی دەست درێژکارانەیە
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: ھەوڵی تورکیا بۆ پێکھێنانی ناوچەی ھێمن لە سووریا ھەنگاوێکی دەست درێژکارانەو کۆڵۆنیالیستیە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئەلجەزیرە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە نامەیەک دا بۆ ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاند: دەوڵەتی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە ھەوڵی پێکھێنانی مەکۆیەکی ڕوو لە تەقینەوەیە لەنێوخۆی سووریادا.
لە نامەکەی سووریادا ھاتووە: ئامانجی تورکیا لەم ھەنگاوە پشتگریی چەکەمەنی لە تاقمە تیرۆریستە چەکدارەکان و بەکارھێنانیان دژی نەتەوەی سووریایە.
جێگای ئاماژەیە «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، بە نیازە ناوچەیەکی ھێمن لە نزیکی سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی بە قوڵایی ٣٠ کیلومەتر پێک بھێنێت.
وتووشیەتی: ئەم ناوچانە شوێنگەلێکن کە ناوەندی ئۆپراسیۆنی دژی ئەو وڵاتەن و ھەرکە ھێزە چەکدارەکانیان و دەزگا ھەواڵگرییەکانی تورکیا ئامادە بن، ھێرشەکان دەست پێ دەکەن.