سەرکردەکەی داعش بەھۆی سوپای سوریاوە کوژراوە نەک ئۆپۆزسیۆن
کەناڵی هەواڵی ئەلئەخباریە بەگێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاندووە: سەرکردەکەی داعش لەلایەن سوپای سوریاوە کوژراوە نەک ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە وەک ئەوەی پنتاگۆن بانگەشەی کردبوو.
«ئەبولحەسەن ئەلقەرشی» سەرکردەی داعش لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی گروپەکەی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سوپای سوریا و بە پاڵپشتی و یارمەتیدانی چالاکانی خۆجێیی لە شاری جاسم لە دەرعا کوژرا .
پنتاگۆن سەرەتا ڕایگەیاندبوو؛ "سوپای ئازادی سوریا" لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ئەم سەرکردەیەی داعشی کوشتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئیسنا، کەناڵی هەواڵدەریی ئەلئەخباریە لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە:«ئەبولحەسەن قەرشی» سەرکردەی داعش ١٥ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سوپای سوریاو بە پاڵپشتی و یارمەتیدانی چالاکانی خۆجێیی لە شاری جاسم لە دەرعا، لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی گروپەکەی کوژراوە.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا (سانا) هەروەها لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنی لەدەرعا ڕایگەیاندووە: «ئەبولحەسەن هاشمی ئەلقەرشی»، سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی (داعش) کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کوژرانی لە لایەن ڕێکخراوەکەیەوە ڕاگەیەندرا، ھەمان «عەبدوڕەحمان ئەلعێراقی» ناسراو بە «سەیف بەغداد»ـە کە لە ئۆپراسیۆنە ئاسایشتییەکەی سوپای سووریا بە داکۆکیی تاقمە خێڵەکییەکان ١٥ی ئۆکتۆبەر لە شاری جاسم لە گردوپەڕی دەرعا کوژرا.