سوریا داوای کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکای کرد
وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای ئیدانەکردنی کردەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکا، خوازیاری کۆتایی هاتنی ئامادەبوونی سەربازیی نایاسایی ئەمریکا لەو وڵاتەدا بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی تاس، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا هاتووە: سووریا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ تاڵانکردنی سیستماتیکی سامانە سروشتییەکانی گەلی سووریا لە لایەن ئەمریکا و میلیشیایەکی ھاوپەیمانیەوە ڕادەکێشێت.
هەر لەم بەیاننامەیەدا دیمەشق داوای گەڕاندنەوەی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و قەرەبووکردنەوەی سامانە تاڵانکراوەکانی کردووە.
هەروەها لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا داتاکانی ئەو زیانانە دەخاتە ڕوو کە سوریا لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دزرانی نەوت و گاز و کانزاکانی دیکە و هەروەها گەنمەوە تووشی بووە. بڕی ئەو زیانانە لە لایەن سوریاوە بە 19.8 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە. جگە لەوەش بۆردومانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا بە بڕی دوو ملیار و 900 ملیۆن دۆلارزیانی بە سوریا گەیاندووە.
هەر لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: بێدەنگەلێکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سیاسەتی شەڕخوازانەی ئەمریکا و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێگەی قبوڵکردن نییە.
ھەروەھا باسی ئەوەش کراوە: پشتگوێ خستنی ئازارەکانی سورییەکان لە ئەنجامی ئەو سزایانەی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا سەپاندوویانە، لێکەوتەی کارەساتبار بۆ سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست بووەو و ڕێگەیان پێنادرێت خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک غازو کارەبایان، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا دەست کەوێت.